کەنەکە و تەڤگەری ئازادیی کۆبوونەوە

شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، لە درێژەی دیدار و کۆبوونەوەکانیان لە شاری سلێمانی بۆ پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کورد، لەگەڵ شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان کۆبوونەوە.


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، لە شاری سلێمانی لەگەڵ شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان کۆبوونەوە.

ئەحمەد قەرەموس، ھاوسەرۆکی کەنەکە سەرۆکایەتیی شاندەکەی دەکرد و لەلایەن شاندێکی تەڤگەری ئازادیی بە سەرۆکایەتیی محەمەد عەبدوڵا هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی پێشوازییان لێکرا.

دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، شەهلا حەفید، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەریی کەنەکە قسەیکرد و، وتی: لەناو گەلدا یەکێتیی نەتەوەیی دەمێکە دروستبووە، بینیمان لە هەرچوارپارچەی کوردستان گەنجانمان چوون بۆ بەرگریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان، هیودارم حزبەکانیش ناکۆکییەکانیان بخەنە لاوە و یەکڕیزیی گەلی کورد پێکبێنن.

هەروەها بێریڤان محەمەد، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان قسەیکرد و جەختیکردەوە، کە "دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان پێشوازیی لە بەرپرسیارییەتی یەکخستنی ناوماڵی کورد بکەن، ناکرێت لەم قۆناغەدا حزبێک یاخود لایەنێک وەکو ڕابردوو نزیکی ئەم پرسە ببێتەوە و پشت لەخواستی گەلەکەی بکات".

 س.ح