شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و شاندێکی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال کۆبوونەوە و جەختیان کردەوە هیچ ڕێککەوتنێک بەبێ ئێزدییەکان “قبوڵ ناکرێت”، جێگری ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی شەنگالیش دەڵێت: دەیانەوێت فەرمانێکی دیکە بەناوی یاساوە دژی ئێزدییەکان ئەنجامبدەن.
ئەمڕۆ شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەسەرۆکایەتیی ئەحمەد قەرەمووس لە بارەگای نوێنەرایەتیی پارتی ئازدیی و دیموکراتیی ئێزدییان-پادێ لە سلێمانی لەگەڵ شاندێکی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال کۆبوونەوە.
ئەحمەد قەرەمووس، هاوسەرۆکی کەنەکە لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەوە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: باسمان لە ڕێککەوتنی ئەمدواییەی هەولێر و بەغدا کرد، ئێمە لەدژی هیچ پەیمانێک نین کە بتوانێت ئیرادە و داواکارییەکانی خەڵکی شەنگال لەبەرچاو بگرێت، بەڵام وادیارە ئەو پەیمانەی بەغدا و هەرێم کردوویانە بەهیچ شێوەیەک داواکاریی و ئیرادەی خەڵکی شەنگالی لەبەرچاو نەگرتووە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لای خەڵکی شەنگال دروستکردووە.
وتیشی: هیوا و داواکاریی ئێمە ئەوەیە ئەو پەیمانە سەرلەنوێ لەگەڵ خەڵکی شەنگال بخرێتە بەر باس و جێگە بدرێت بە ئیرادە و داواکارییەکانیان، داواش لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم دەکەین ئیرادەی خەڵکی ئێزدیی لەبەرچاو بگرن و دەرفەتی خۆبەڕێوەبەرییان بۆ بخوڵقێنن.
هاوسەرۆکی کەنەکە بە دووریشی دەزانێت ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا جێبەجێ ببێت چونکە “لەلایەن خەڵکی ئێزدییەوە ئەو ڕێککەوتنە قبوڵ ناکرێت”.
هاوکات حسۆ ئیبراهیم، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال لەبارەی ڕێککەوتنەکەی بەغدا و هەولێرەوە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: هەر ڕێککەوتنێک بۆچوون و داواکاریی خەڵکی شەنگالی تێدا نەبێت و فەرمان و جینۆسایدەکانی سەر خەڵکی شەنگالی تێدا لەبەرچاو نەگیرێت قبوڵ ناکرێت.
ڕاشیگەیاند: عێراق و هەرێم سوورن لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەیان و چەند ڕۆژێک لەمەوبەریش هێزێکیان ناردووەتە شەنگال کە سەر بە پۆلیسی فیدراڵین و ژمارەیان نزیکەی هەشت هەزار چەکدار دەبێت، کە ئەمەش هێزێکی نائاساییە بۆ شەنگال کە ناوچەیەکی بچووکە.
جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆسەری شەنگال دەشڵێت: ئەمە فەرمانێکی دیکەیە کە بەناوی یاساوە دژی ئێزدییەکان ئەنجامدەدرێت، وەک بەڕێوبەریی خۆسەری شەنگالیش داوای هیچ شتێکمان لە عێراق نەکردووە پێچەوانەی دەستوور بێت، دەمانەوێت بەپێی دەستووری عێراق دان بە بەڕێوبەریی خۆسەریی شەنگالدا بنرێت.
ش.ف