سێشەممە, 14 أغس 2018 – 22:14 ڕۆژنیوز – تەوێڵە
ئێوارەی ئەمڕۆ، لە شارەدێی تەوێڵەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە لە ناوچەی هەورامان، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، گفتوگۆیەکی کراوەی لەگەڵ چین و توێژەکانی هەورامان ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا، زەکەریا هەورامی، ئەندامی کەنەکە قسەیکرد و وتی: وەکو کەنەکە بۆ ئەوەی سەرنج بخەینە سەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی کوردستان و دەستکەوتەکانی کوردان، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ گەلی باشوری کوردستان ئەنجامدەدەین، لەو چوارچێوەیەدا گرنگیمان دا بە ڕاوبۆچوونی هەورامییەکان.
هەورامی باسی لە مەترسییەکانی هێرشە داگیرکارییەکانی سەر خاکی باشوری کوردستان کرد و جەختیکردەوە، کە دەبێت هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان، هەڵوێست لەدژی ئەو داگیرکارییانە پیشانبدەن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، پەروین سەعید، ئەندامی کەنەکە، گرنگیی یەکێتیی گەلی کوردی بۆ هەورامییەکان باسکرد و وتی: تەنها بەڕێگای پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کوردان دەتوانن هێرش و داگیرکارییەکان پووچەڵ بکەینەوە.
دواتر دەرگای گفتوگۆ بۆ بەشداربووانی کۆبوونەوەکە کرایەوە و خە خستنەڕووی سەرنج و بۆچوونی هەورامییەکان، کۆتایی بە کۆبوونەوەکە هات.
جێگای ئاماژەپێکردنە، ماوەیەکە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، لەبارەی هێرش و داگیرکارییەکانی سەر کوردستان و گرنگی یەکێتیی نەتەوەیی کوردان، دەستی بە زنجیرە کۆبوونەوەیەک کردووە و لەوچوارچێوەیەشدا لە هەریەکە لە شارەکانی کەرکوک و هەولێر و دهۆک و شارۆچکەکانی کەلار، ڕەواندوز، هەریر و خورماتوو کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوڵاتیان و چین و توێژە جیاجیاکان ئەنجامداوە.
ب.ل