کەنەکە پرسەنامەیەکی ئاڕاستەی بنەماڵەی عەبدولڕەحمان خەلیفە کرد

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان پرسەنەمایەکی ئاڕاستەی بنەماڵە و هاوڕێیانی عەبدولڕەحمان خەلیفە کرد، کە دوێنێ لە شاری کەرکوک کۆچی دوایی کرد.


دوێنێ عەبدولرەحمان خەلیفە، کەسایەتییەکى دیارى شارى کەرکوک بە جەڵتەى دڵ کۆچى دوایى کرد، ئەو ئەندامى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان- کەنەکە و کاندیدى هاوپەیمانى نیشتیمانى بوو لە شارى کەرکوک لە هەڵبژاردنى پێشووى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق.

کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان- کەنەکە دەڵێت: بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، لە خەمیی کۆچی دوایی ھەڤاڵی بەڕێزمان کاکە عەبدولرەحمان خەلیفەدا بەشدارین، ھەڤاڵ عەبدولرەحمان ئەندامێکی چالاک و تێکۆشەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بوو، مخابن بە کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو، ک ن ک و گەلی کوردستان کەسایەتیەکی دڵسۆز و خاوەن باوەڕ بە یەکێتی نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردستانی لەدەستدا، بەڵام ناو و ھەوڵ و خەبات و تێکۆشانەکەی ھەمیشە بە زیندوویی و بەرچاو دەمێنێتەوە و دەبێتە پێشەنگێک بۆ نەوەی ئێستاو ئایندە.

 باس لەوەش کراوە: خەلیفە بە لەش و جەستە ئێمە و کوردستانی بەجێھێشت، بەڵام خوو و رەوشت و ئاکار و کارەکانی، دەبێتە جێگای شانازی و ڕێز و پێزانین و لە دڵ و بیری خەڵکدا دەمێنێتەوە.

عەبدولرەحمان خەلیفە، بەرپرسى پێشووى بەشى پەیوەندییە جەماوەرییەکانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسى عێراق بووە، هەروەها کاندیدى ژمارە ٣ى هاوپەیمانى نیشتیمانى بووە لە شارى کەرکوک بۆ هەڵبژاردنى پێشوى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و ئەندامى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان-کەنەکە، بووە.

 

ک.ک