چوؤرشەممە, 22 أبر 2020 – 10:05 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ ١٢٢ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردیی “ڕۆژنامەی کوردستان”، تێپەڕدەبێت، ئەمەش وەک ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیی دیارییکراوە، بەم بۆنەیەوە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕۆژی ٢٢ی نیسان وەک ڕۆژی رۆژنامەگەریی کوردی دەستنیشانکراوە، لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ کاروانی رۆژنامەگەریی کوردیی شانبەشانی خەبات لە پێناو ئازادیی و دیموکراسی و دادی کۆمەڵایەتیدا بەردەوام بووە، ڕۆژنامەی کوردستان لە قۆناغێکدا چاوی هەڵهێنا کە کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی دواکەوتووی عوسمانیدا لە رووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە نوقمی رۆژگارێکی تاریک بوو، ئەو روژنامەیە ئەو کاتە دڕی بەو تاریکستانە دا، تا سنوورێکی باش توانی هەواڵەکانی کوردستانی بگەیەنێتە بەرچاوی ناوخۆو دنیا.
کەنەکە ئاماژەی بەوەکردووە، کە دۆخی ڕۆژنامەنووس لە باشوری کوردستاندا تایبەت، “ڕاگەیاندنکاری کورد لە لایەکەوە وڵاتەکەی داگیر کراوە، لە لایەکی تریشەوە کۆمەڵگەکەی لە دۆخێکی سیاسی و ئابووریی هەستیاردایە، لە ئاستێکی هۆشیاریی و کلتووری لاوازدایە، لەو شوێنەشدا کە کورد جۆرە ئازادییەکی ڕێژەیی سیاسیی هەیە، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و بێدادی کۆمەڵایەتی و هەستنەکردن بە بەرپرسێتی نەتەوەیی و مێژوویی، تەنگی بە خەڵک هەڵچنیووە، هەربۆیە ئەرکی راگەیاندنکار، میدیاکاری کورد چەند جەمسەرە”.
هەر لەوە ڕاگەیەندراوەدا هاتووە:”ئێستا میدیاکاری کورد ناچارە لە لایەکەوە لەسەر دۆخی ناوخۆی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردان کار بکات، لە لایەکی تریشەوە ئەبینێ هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان، ڕۆژانە پیلانی نوێ و نامرۆڤانە لە دژی خەڵکی کوردستان بەگەڕ دەخەن، سەرەڕای داگیرکاریی و هێرشەکانیان، پیلان بۆ ناکۆکی و شەڕی ناوخۆیی نێوان کوردان دائەڕێژن، وەک ئەوەی ئێستا دەوڵەتی تورکیا ئەیکات، هەربۆیە گرنگە هەموو ڕەهەندەکانی پیشەیی بوون، هاوڵاتی بوون و نیشتمانپەروەریی لە کەسێتی میدیاکاری کوردیدا کۆببنەوە، لەو سێکۆچکەیەوە ئەرکی پیرۆزی خۆی بەجێبێنێت”.
کەنەکە پیرۆزبایی لە هەموو ڕۆژنامەنووسان دەکات و ڕایدەگەیەنێت:”دەستخۆشی لە کارو ماندووبوون و شەونخوونییان ئەکەین، سڵاو لە گیانی پاکی هەموو ئەو میدیاکارە قارەمانانەی لە بەجێگەیاندنی ئەرکی مەزنی میدیاکاریدا، لە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ داگیرکەران و تیرۆریستان، گیانیان لەدەستدا، سڵاو لە رۆحی هەموو ئەو میدیاکارانەی لە پێناو ئازادی رادەربڕین و دیموکراسی و بەگژداچوونەوەی گەندڵی و نادادی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری، بوونە قوربانیی، سڵاو لە هەموو ئەو رۆژنامەوان و میدیاکارانەی لە زیندانەکانی دەسەڵاتدار و داگیرکەراندان”.
س.ح