شەممە, 8 سبت 2018 – 13:30 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی ئێران هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی هەر دوو حزبی دیموکراتی کوردستان و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، ئەو هێرشە شەرمەزارکرد.
کەنەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بە کێشە و قەیرانە قووڵەکانی ناوخۆی ئێران داوە و ڕایگەیاندووە، کە حکومەتی ئێران بە پەلاماردانی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان هێز و دەسەڵاتی خۆی پیشان دەدات، واتە لە هەر دۆخ و قەیرانێکدابن، هێرش بۆسەر خەڵک و خەباتگێڕانی کوردستان بە یەکەمین ئەرکی خۆیان دەزانن.
لە بەردەوامیدا کەنەکە ڕایگەیاندووە: لە لایەکەوە تورکیا بەو دۆخە ناهەموارە ئابووری و سیاسییەی خۆیەوە بەشێکی باشوور و رۆژئاوای کوردستانی داگیرکردووەو بە هەموو توانایەوە هەوڵدەدات دەسکەوتەکەنی گەلی کوردستان لەناوبەرێت، لە لایەکی ترەوە رژێمی ئێران سەرەڕای هەموو قەیرانە ناوخۆی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانییەوە، لە بڕیاری لە سێدارەدانی چالاکوانانی کوردو و هێرش کردنە سەر خەلكی کوردستان و بۆردومانکردنی بنکەو بارەگای پارتە رۆژهەڵاتییەکان لە قووڵایی باشووری کوردستاندا نەوەستاوە.
لە بەشێکی دیکەدا کەنەکە جەختی کردووەتە سەر یەکێتی نەتەوەی و ڕایگەیاندووە: هەموو ئەمانە ئەو ڕاستی و پێداویستییە مێژوویی و ستراتیژییە ئەسەلەمێنن کە ئیتر لە مێژە کاتی ئەوە هاتووە پارت و هێزە کوردستانییەکان هەنگاوی جدیی بۆ زیاتر لێکنزیکبوونەوەو هەماهەنگی و پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی بنێن.
لەکۆتاییدا پاش سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدانی ئەو هێرشە و هیوای سەلامەتی خێرا بۆ برینداران، کەنەکە ڕایگەیاندووە: جارێکی دیکە ئەوە دووپات دەکەینەوە ئێمە لە کارو خەباتماندا هەروەک چۆن داوای یەکێتی و یەکڕیزیی نەتەوەیی دەکەین، هەمانکات تاوانەکانی داگیرکەرانی کوردستان لە قاو دەدەین و بێدەنگ نابین.
س.ح