کەنەکە: چالاکوانانی بادینان بە زووترین کات ئازاد بکەن

کۆمیتەی چاودێری مافەکانی مروڤی کونگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، داوا لە حکومەت و دەزتگای دادی هەرێمی کوردستان دەکات، کە بە زووترین کات بەندەکانی مافی مرۆڤ لەبەرچاو بگیرێت و ئەو دەسبەسەرکراوانەی بادینان بە بێ مەرج ئازاد بکەن.


لەبارەی دەستگیرکراوەکانی بادینانەوە، کۆمیتەی چاودێری مافەکانی مروڤی کونگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، لێدوانێکی نوسراوی بڵاوکردەوە.

کۆمیتەی چاودێری مافەکانی مروڤی کەنەکە باسی لەوە کردوە: ڕۆژی ١١ی شوبات دادگای دھۆک بڕیاری مانەوەی چەند کەسێکی لە دەستبەسەرکراوەکان درێژ کردەوە، کە چەندین کەسیان  گواسترانەوە بۆ دادگای دیرەلوک بە ھۆکاری "تایبەتمەندی شوێن"وە دۆسییەی شەش ده‌ستگیرکراوی دیکە بە ناوەکانی شێروان شێروانی، تاکور زەردەشتی، رێکان رەشید، ئەیاز کەرەم و موستەفا بامەڕنی و ئاردال زاخۆیی لە دادگای دهۆک هێشتراونەتەوە.

 کەنەکە باسی لەوەش کردوە: بەپێیی زانیاریەکان لە میدیاکانی باشوری کوردستانەوە، بڕیار وایە ئەو دەستبەسەرکراوانە بە ماددەی ١٥٦ی سزادانی عێراقی کە "خیانەتی نیشتیمانی و تێکدانی ئاسایشی وڵات"ە و سزاکەی “لەسێدارەدان”ە حوکم بدرێن، لە کاتێکدا ئەو  دەستبەسەرکراوانە دژ بە سوپای تورکیا لە هەرێمیی کوردوستان  ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، کە بۆتە مەترسی بۆ سەر ژیان و ئاسایشی خەڵکی ناوچەکە و بە پێی ئامارەکان، لە ماوەی تەنیا چوار ساڵی رابردوو  ٨٢٣ جار هه‌رێمی کوردستان له‌ رێگای فڕۆکه‌ و تۆپخانه‌کانی تورکیاوە بۆردوومان کراوە وە زیاتر لە ٢٠ ھاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە.

هەر لە لێدوانەکەدا هاتووە: بۆیە دۆسیەی ئەو چەند کەسە دەستبەسەرکراوانە کراونەتە دۆسیەیەکی سیاسی و ڕێچکەی یاسایان  نیە، لە راستیدا دەبوو ئەو دەستبەسەرکراوانە، کە لە خۆپیشاندانەکە بەشداریان کردوە، بە  پێ یاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٠ی رێکخستنی خۆپیشاندان مامەڵەیان لەگەڵ بکرایە و ئەو شەش دەستبەسەرکراوەی دھۆک، کە لەو خۆپیشاندانەدا بەشدارنەبوون هەر لە سەرەتاوە دەسبەسەر نەدەبوون.

کۆمیتەی چاودێری مافەکانی مروڤی کونگرەی نەتەوەیی کوردستان داوای لە حکومەت و دەزگای دادی هەرێمی کوردستان کردوە، کە بە زووترین کات بەندەکانی مافی مرۆڤ لەبەر چاو بگرێت و ئەو دەسبەسەرکراوانە بە بێ مەرج ئازاد بکات.

لە کۆتایی لێدوانەکەشدا هاتووە: کۆمیتەی چاودێری مافەکانی مروڤی کەنەکە داوا لە هاونیشتمانیانی باشوری کوردوستان دەکات، کە نەهێڵن مافە بنەڕەتیەکانیان لە لایەن هیچ دەزگایەکی ئەمنی و سیاسیەوە پێشێل بکرێت، وە بۆ سیستەمێکی شارستانی و  دادپەروەرانە، کە مافەکانی مرۆڤی تیدا گونجا بێت و شایانی ژیانی هاونیشتمانیانی باشوری کوردستان بێت، تێکوشانی هەمەلایانە بکەن.

ک.ک