کەنەکە: گەلی کورد بەتێکۆشان پلانگێریی ١٥ی شوباتی پوچەڵکردەوە

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – كەنەکە، لە ساڵیادی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: ٢١  ساڵ بەسەر گەلەکۆمەکیی ١٥ی شوباتدا تێپەڕێ، لەماوەی ئەو ٢١ ساڵەدا دوژمنان و هاوپەیمانانی نەیانتوانی نە ئۆجەلان و نە دۆزی کوردستان لەناو ببەن، هەوڵدانی ئەوان بەردەوام بە تێکۆشانی خەڵکی کوردستان بێئەنجام بوون.


لە ڕۆژی ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩، پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی دژی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە ئەنجامدرا، تێیدا لە نایرۆبی پایتەختی کینیا، ئۆجاڵان ڕفێندرا و ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرا، کۆنگەری نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، بەبۆنەی ٢٢مین ساڵڕۆژی ئەو گەلەکۆمە نێودەوڵەتییەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 لەبەیاننامەکەی کەنەکە-دا هاتووە:

"ئێمە گەلەکۆمەی ناڕەوای ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ کە لە کەسێتی بەڕیز عەبدوڵا ئۆجەلاندا، لەسەر بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان بەڕیوەچوو، بە توندی شەرمەزار دەکەین!

لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا نادادپەروەری و ناڕەواییەکی مەزن کرا، گەورەیی ئەو نادادپەروەرییە لەکاراکتەری ڕووداوەکەوە کردەوەکەدا بەدیدەکرێت، لەلایەکەوە مەزنیی گەلی کوردستان و سەرۆکی پەکەکە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان، لەلایەکی تریشەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و دەوڵەتانی هەوپەیمانی ئەو، بەڕیز ئۆجەلان خەبات بۆ دۆزی ئازادیی گەلی خۆی دەکات، تێکۆشان بۆ ڕزگاریی وڵاتی خۆی دەکات، دوژمن و هاوپەیمانە جیهانیەکانیان ڕێککەوتن و ویستیان دەرگاکانی دنیای لێدابخەن، ڕێی هەناسەدانی لێبگرن، ئەوان بیریان لە ویژدان و مافی مرۆڤ و یاسا و دادوەریی و ئەخلاق نەکردەوە، کاتێک بڕیاریاندا مەزنێکی کوردان کە بۆ ویژدان و دادپەروەریی، بۆ ئاشتی و یەکسانی و ئازادیی و هەموو بەها مرۆڤایەتیەکان خەبات دەکات، بێدەنگ بکەن و ڕێی ژیانی لێبگرن.

ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و هاوپەیمانە جیهانیەکانی، هەر لە ئەمەریکاوە بگرە تا چەندین دەوڵەتی ناو یەکێتی ئەوروپا، یۆنان و هەتا روسیا و ئیسرائیل، میسرو کینیا، هەموو لەو بارەیەوە یەکیان گرت و بەرژەوەندی خۆیان لەوەدا بینی کە هەموو نۆرمە مرۆڤایەتی و ئەخلاقیەکانی بخەنە ژێر پێ، هەموو توانا و دەزگا سیخوڕیەکانیان لەدژی بەڕیز ئۆجەلان بخەنە کار کە لە ژێر پاراستنی یۆنانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپادا بوو، بۆ ئەوەی بە فێڵ و خیانەت بیگرن و ڕادەستی تورکیای بکەن.

پرۆسەی گەلەکۆمە بە ڕوونی ئەوەی دەرخست کە ئەو ناوەندە نا دادپەروەرانە نەگەیشتنە ویست و داخوازیی خۆیان و ئامانجیان بەدینەهێنا، ئەوان بە هیوای ئەوە بوون پەکەکە، کە پێشەنگێکی ڕادیکاڵی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستانە، تێکبدەن و لەناو ببەن، یان هەر هیچ نەبێ زۆر لاوازی بکەن، بەڵام ئەوەی ئەوان چاوەڕێی بوون لە ماوەی ئەم ٢١ ساڵەدا بە تەواوی پێچەوانە بوو، نە بەڕیز ئۆجەلان وازی لە تێکۆشان هێنا، نە خەڵکی کورد و کوردستانیانیش دەستبەرداری دۆزی ڕەوای خۆیان بوون، وەڵامی خەڵکی کوردستان هەر لەهەمان ساڵی گەلەکۆمەی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ دا دەرکەوت، لەهەڵبژاردنی شارەوانیەکانی تورکیا لە ئازاری ١٩٩٩ دا، ژمارەیەکی زۆر شارەوانی کەوتە دەست کوردان، لەناو ئەوانیشدا شارەوانی ئامەد، ئیتر هەر ئەو کاتە گەلەکۆمە مایەپووچ دەرچوو.

ئەو ڕۆژە و ئەمرۆش دوژمن و هاوکارەکانی لەبەرامبەر تێکۆشانی ئۆجەلان و سەرکەوتنی خەڵکی کوردستاندا شکستیان هێنا، ئەو ٢١ ساڵە ئەوانی ڕوورەش کردو ئۆجەلان و خەلكی کوردستان ڕووسپی، لەو ٢١ ساڵەدا ماف و دادپەروەری بەسەر ناهەقی و نادادپەروەریدا سەرکەوت، لەئەنجامیشدا ئۆجەلان و پەکەکە و گەلانی کوردستان تێکۆشانی خۆیان گەیاندە قۆناغێکی باڵاتر.

لەئێستاشدا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا نەک هەر پەلاماری هێزە چەکدارەکانی پاراستنی کوردستان ئەدا، بەڵکو هەمان کات هێرش بۆ سەر هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان ئەکات، دەست بەسەر شارەوانیەکاندا ئەگرێت، سەرۆک شارەوانی و پەرلەمانتار و سیاسەتمەداران لە هەموو ئاستەکاندا دەستبەسەرو زیندانی ئەکات، دەیەوێت بەو شیوەیە گەلی کوردستان بترسێنێت، بەرخۆدان و ئیرادەی گەل بشکێنت.

 

دەوڵەتی تورکیا نەک هەر لەباکوری کوردستان، هەروەها لەباشور و ڕۆژئاوای کوردستانیش دوژمنایەتی کوردان دەکات، لەبواری نێونەتەوەییدا هەوڵدەدات کورد نەناسرێن، لەمەیدانیشدا هاوکاریی نەیارانی کورد دەکات، لەپڕۆسەی ڕیفراندۆمی باشوری کوردستاندا، دەستی لەگەڵ ڕژێمی ئێران و ئێراق تێکەڵکردووە هێرشیان کردە سەر کوردستان، دوو ساڵ پێش ئێستا بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیکردە سەر عەفرین، چەند مانگێک پێش ئێستاش هێرشی کردە سەر سەرێ کانی و گرێ سپی، هێزەکانی قەسەدە، یەپەگە و یەپەژە بەرخۆدانێکی قارەمانانەیان کرد و تا ماوەیەکی درێژ هەرێمەکانیان پاراست، بەڵام لەهەموو ڕوویەکەوە هێزە داگیرکەران چەندین جار بەرامبەر هێزەکانی قەسەدە و یەپەگە و یەپەژە زیاتر بوون، لەئەنجامدا عەفرین و گرێ سپی و سەرێ کانی داگیرکران، ئێستاش دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت ناوچەی دیکە لەڕۆژاوای کوردستان داگیربکات، لەو بارەیەوە بەهەموو شێوەیەک لە هەوڵداندایە، دەوڵەتی تورکیا دوژمنی سەرەکیی گەلی کوردستانە، پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان لەبەرامبەریدا ڕاوەستن.

٢١  ساڵ بەسەر گەلەکۆمەکیی ١٥ی شوباتدا تێپەڕێ، لەماوەی ئەو ٢١ ساڵەدا دوژمنان و هاوپەیمانانی نەیانتوانی نە ئۆجەلان و نە دۆزی کوردستان لەناو ببەن، هەوڵدانی ئەوان بەردەوام بە تێکۆشانی خەڵکی کوردستان بێئەنجام بوون، ناوەندی ئاژاوەگێڕو شەرەنگێز پێش ٢١ ساڵ ئەم هێرشەی خۆیان کردو سەریان دای لە گابەردی چیاکانی کوردستان، ئەمجارەش دیسان هەر وایان بەسەر دێت، کوردو کوردستانیان لە ماوەی ئەم ٢١ ساڵەدا تێکۆشانی خۆیان بەهێزترکرد، یەکێتیی خۆیان فراوانترکرد، پیلان و پرۆژەی لەناوبردنی شۆڕشی کوردستانیان تێکشکاند، پرۆپاگەندەی درۆو نائەخلاقییان ڕیسوا کرد.

گەلی کوردستان لەئەزموونی مەزن و پێشەناگایەتی چەند ساڵەی خۆیدا قوربانی زۆریدا، بەردەوام ڕێز و ئامادەیی خۆی لەگەڵ ڕێبەرو سەرکردایەتیەکەی پیشان دا، لەدەوری پارت و ڕێکخراوەکانی خۆی کە سەربەرزانە پرسی کورد و کوردستان پێش دەخەن، کۆبۆوە، ئێستاش لەچوارچێوەی یەکێتی نەتەوەیی و نیشتمانیدا تێکۆشانی ئازادیی و ڕزگاریی بەهێزدەکەن و لە سەنگەری بەرخۆداندا تا سەرکەوتنی کۆتایی بەردەوام دەبن.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە ساڵوەگەڕی گەلەکۆمەی ١٥ی شوباتدا، جارێکی تر داوا لە هەموو کوردستانیان دەکات، لە ناوخۆی وڵات و لە هەر جێیەک هەن، دەنگ و هاواری تێکۆشان بۆ ئازادیی بەڕیز ئۆجەلان و ڕزگاریی کوردستان بڵند بکەن، یەکێتی ناوخۆیان و هاوپەیمانیی لەگەڵ دۆستەکان  باشتر و بەهێزتربکەن، نەیاران و هاوپەیمانەکانیان شەرمەزار بکەن.

هەروەها کەنەکە داوا لەهەموو کوردستانیان دەکات بەشداریی پرۆتستۆکردنی گەلەکۆمەی ١٥ی شوبات بکەن، هەڵوێستی تێکۆشانی خۆیان لەسەر دۆزی کورد و کوردستان پیشانی یار و نەیار بدەن.

د.ع