کەنەکە: یەکەم گولـلەی ١٥ی ئاب بانگی ڕزگاریی کوردستان بوو

کەنەکە ساڵیادی دەستپێکردنی شۆڕشی چەکداریی پەکەکە پیرۆز دەکات و ڕایدەگەیەنێت" بە تەقاندنی یەکەم گولـلە لە ١٥ی ئاب، بانگی ئازادیی و ڕزگاریی کورد و کوردستان لە سەرانسەری کوردستان، تورکیا و جیهان جارێکی تر بەیان و جاڕی بۆ درا".


بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٣٥ ساڵ بەسەر تەقاندنی یەکەمین گولـلەی پەکەکە، کە بووە دەستپێکی شۆڕشی چەکداریی، ئەمڕۆ کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ساڵیادی ئەو هەنگاوەی لە کورد و خەڵکانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیرۆز کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەو دۆخە دژوارە کراوە، کە کە تیایدا شۆڕشی چەکداریی پەکەکە دەستیپێکرد و تیایدا هاتووە:"لەناو ئەو ئادمۆسفەرە دژوارەدا، تێکۆشان و بەرخۆدانێکی قارەمانانە و بە تەقاندنی یەکەم گولللەی ١٥ ی تەباخ ئابی ١٩٨٤، بانگی ئازادیی و ڕزگاریی کورد و کوردستان لە سەرانسەری کوردستان، تورکیا و جیهان جارێکی تر بەیان و جاڕی بۆ درا".

هەروەها، هاتووە:"بەو هەوڵ و کۆششە ئەمڕۆ ترووسکەی شۆڕشی  کوردستان بووەتە بڵێسەی بە گوڕ و ئاگرێکی گەش لە ناو نیشتیمان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. عەگیدی عەگیدان بە کۆمەڵێک شەڕڤانانی ئازادییەوە دەستیان پێکرد و ئەمڕۆ بوونە هێزێکی مەزنی گەریلا لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمە خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنێکە لە پرۆسەی تێکۆشان و بەرخۆدانی دۆزی کورد و کوردستان دا لە باکور".

هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورک کراوە لە باکور، باشور و ڕۆژئاوای کوردستان و ڕاگەیاندووە"لە سەرانسەری کوردستان بەرخۆدان و تێکۆشانی بێ وێنە دژی ئەم هێرش و داگیرکارییان بە ڕۆحی 15ی ئاب ( تەباخ)  بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دۆڕانی کۆماری تورکیایە و سەرکەوتنیش دەبێتە هی گەلی کوردستان".

لە کۆتاییشدا کەنەکە هیوای خواستووە، کە "گەلی کوردستان  بە گیانی ١٥ی تەباخ، هەموو هێز و توانای خۆیان یەکبخەن و ڕێککەوتنی ناوخۆیی یەکجارەکی پێکبێنن و لە دژی هەر ڕەنگێکی زوڵم و زۆرداریی داگیرکەران خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازانەیان بە یەکدەنگی و یەکسەنگەریی بۆ ئازادیی و ڕزگاریی کوردستان سەربخەن و بگەینە ترۆپکی ئامانجە مەزنەکەمان".

 

ش.ف