کەی پارێزگارێک بۆ کەرکوک دادەنرێت؟

کادرێکی مه‌ڵبه‌ندی ٢ی یه‌کێتی له‌ که‌رکوک دەڵێت، کات دیاری نه‌کراوه‌ بۆ دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ شاره‌که‌، هه‌ر کات کابینه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم پێکهێنرا، ئه‌و کات باس له‌ کاندیدێکی که‌رکوکی ده‌کرێت بۆ پۆستی پارێزگاری شاره‌که‌.


یه‌کێتی پارتی و ڕێکه‌وتنیان له‌سه‌ر پێکهێنانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان واژوو کردووه‌، دۆسیه‌ی پارێزگارێکی که‌رکوکیش یه‌کێک بوو له‌ و تەوەرانەی که‌ هه‌ردوولا ڕه‌زامه‌ندیان له‌سه‌ری ده‌ربڕیوه‌، به‌ڵام تا ئێستا کاتی دیاریکردنی پارێزگارێکی کورد بۆ شاره‌که‌ دیاری نه‌کراوه‌.

هێمن حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی مه‌ڵبه‌ندی ٢ی یه‌کێتی له‌ که‌رکوک به‌ ڕۆژنیوزی ڕاگه‌یاند:" هه‌ر که‌سێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی که‌رکوکییه‌کان و یه‌کێتییه‌کانی که‌رکوک، فه‌رز بکرێت بۆ پۆستی پارێزگاری که‌رکوک قبوڵ نه‌کراوه‌ و ناکرێت، که‌رکوکیه‌کان بڕیاری خۆیان داوه‌ به‌ تایبه‌ت یه‌کێتێه‌کانی شاره‌که‌، یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان بڕیاری داوه‌ ئه‌و که‌سه‌ی ده‌بێت به‌ پارێزگاری که‌رکوک ده‌بێـت که‌رکوکی بێت، تا ئێستا ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ڕێکه‌وتنی نێوان یه‌کێتی و پارتی یه‌کلایکراوه‌ته‌وه‌".

ده‌رباره‌ی کاندیدی یه‌کێتی بۆ پارێزگاری کەرکوک و کاتی دانانی پارێزگار، ئه‌و کادره‌ی یه‌کێتی ڕایگه‌یاند:" ئه‌و که‌سه‌ی که‌ دیاری کراوه‌ ئێستا ناتوانین باسی لێوه‌ بکه‌ین، له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کانه‌وه‌ قسه‌ی زۆر له‌سه‌ر کراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ یه‌کلابۆته‌وه،‌ ئەوەیە پارێزگار ده‌بێت له‌ چوارچێوه‌ی ئیراده‌ی که‌رکوکیه‌کان بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاینده‌دا سه‌رکه‌وتوو بێت،‌ کاتی دانانی پارێزگاری که‌رکوک په‌یوه‌سته‌ به‌ دروستکردنی کابینه‌ی تازه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ڕوونیشه‌ ئه‌و پۆسته‌ بۆ کاندیدێکی که‌رکوکی ده‌بێت، که‌ یه‌کێتی ده‌ستنیشانی ده‌کات".


ک.ک