گروپی 'ئومێدێک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە' لە کەرکوک ڕاگەیەندرا

بەمەبەستی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاریی بۆ تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە، ژمارەیەک هونەرمەند و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی شاری کەرکوک، گروپێكیان بەناوی "ئومێدێک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە" ڕاگەیاند، بڕیاریشە ماوەی سێ ڕۆژ بە نمایشکردنی بەرهەمی هونەریی، کۆمەک و هاوکاریی کۆبکەنەوە.


ئێوارەی ئەمڕۆ، ژمارەیەک هونەرمەند و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی شاری کەرکوک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا لەبەردەم قاوەخانەی کەلتووریی کەرکوک، گروپێكیان بەناوی "ئومێدێک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە" ڕاگەیاند.

نەژاد نەجم، هونەرمەند و سەرپەرشتیاری گروپەكە لە كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا ئەوەی خستەڕوو، کە گروپەكەیان لە كۆمەڵێك كەسایەتیی و ڕۆژنامەنووس و چالاكوان و هونەرمەند و پێكهاتووە و ئامانجیشیان لە دروستکردنی ئەو گروپە، كۆكردنەوەی كۆمەكە بۆ تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە لە كەركوك.

ڕوونیشیکردەوە: لە ڕێگای كەمپەینێكەوە كە لە چەند شوێنێكی جیای شارەکەدا ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوامدەبێت، كۆمەك و هاوكاری كۆدەكرێتەوە و چەند چالاكییەك لە بواری مۆسیقا و گۆرانی و نمایشی شانۆیی و هەڵپەڕكێ ئەنجامدەدرێن، هەروەها تیمێكی گەرۆك كە زیاتر لە ٣٠ گەنجن، بۆ كۆكردنەوەی كۆمەكەكان پێکهێندراون.

ب.ل/هـ