هەپەگە ڕایگەیاند، لە چالاکییەکانی گەریلاکاندا لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین ١٥ داگیرکەر تورک سزادران و چادرێکی داگیرکەرانیش خاپوورکرا.
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی چالاکییەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی گەریلاکان لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: گەریلاکن ڕۆژی ١٧ی ئایار لە گۆڕەپانی شەهید دڵگەشی مەرڤانۆس چالاکییان دژی داگیرکەران ئەنجامداوە، لە ئەنجامی چالاکییەکەدا دوو داگیرکەر سزادران و داگیرکەرێکیش برینداربووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوێنێ ١٨ی ئایار داگیرکەران هەوڵیانداوە بە چەکی کیمیایی هێرش بکەنە سەر وەرخەلێ، بەڵام گەریلاکان بە چەکی قورس و تەقاندنەوە چالاکییان لەدژیان ئەنجامداوە و ناچاریان کردوون پاشەکشە بکەن لە ناوچەکە.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگە، دوێنێ ١٨ی ئایار گەریلاکان زنجیرەیەک چالاکییان لە سنووری ناوچەی زاپ دژی سوپای تورک ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا ١٣ داگیرکەر کوژران و گورز لە هێلیکۆپتەرێک دراوە و چادرێکیش خاپوورکراوە، جگە لەوەش تەرمی دوو داگیرکەر کەوتوونەتە دەست گەریلاکان.
هەر بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوو سوپای تورک ٥٦ جار چەکی کیمیایی لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین بەکارهێناوە.
لەبارەی هێرشە ئاسمانیی و تۆپبارانەکانی دەوڵەتی تورکیشەوە، هەپەگە ڕایگەیاندووە، سوپای تورک ٣٣ جار ناوچەکانی زاپ و مەتینا و خواکورکی بۆردوومان و تۆپباران کردووە.
ب.ل