شەممە, 18 أغس 2018 – 08:03 ڕۆژنیوز – بۆتان گەرمیانی
دەوڵەتی تورک گۆشەگیرییەکی تووندی خستووەتە سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠١١ەوە تاوەکو ئێستا ڕێگا نەدراوە پارێزەرانی سەردانی ئیمرالی بکەن و لە ساڵی ٢٠١٦شەوە ڕێگا نەدراوە خانەوادەکەی سەردانی بکەن، ئەوەش نیگەرانیی ئازادیخوازانی لێکەوتووەتەوە.
لاوان محەمەد، ڕۆژنامەنوس لە گەرمیان، دەڵێت: “لە هەر قۆناغێکدا گەلی کورد هەر بەرەوپێشچونێکی بەخۆیوە دیبێت دەوڵەتی تورک گۆشەگیری سەر ئۆجالانی توندترکردووە، ئەمەش نیشانەی مەترسی دەوڵەتی تورکیایە لە وتار و نوسینی کەسایەتی کاریزمایی ڕێبەر ئاپۆ”.
دەشڵێت: “بەداخەوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و سەرجەم ئەو دەزگا و ڕێکخراوانەی بانگەشەی مافی مرۆڤ دەکەن و هەندێک لە حزبە سیاسییەکانی کوردستان لەئاست ئەم پرسە بێ هەڵوێستن، پێویستە بە کۆدەنگیی شەقام بجوڵێنرێت بۆ کۆتایی هێنان بەم گۆشەگیرییە، چونکە هەموو ئاواتەکانی کورد هەڵچنراوە لەسەر نەبوونی ڕێبەرێک، ڕێبەر ئاپۆ بە ئازادکردنی ئەو بۆشاییە پڕدەکاتەوە”.
هەروەها جیهان محەمەد، چالاکوانی بواری ژنان، بۆچوونی وایە: “ئامانجی دوژمن لە گۆشەگیرکردنی ئۆجالان، بۆ تەسککردنەوەی فکری ئێمە و لەناوبردنمانە لە کەسەیاتی ئەودا، لە ئێستاشدا هۆکاری توندترکردنی گۆشەگیری ئەوەیە، کە دوژمنانیش درکیان بەوە کردووە کە لەناو چوار دیواریش کاریگەری بەهێزی هەیە لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و بەرگریکردن لە ژن و کۆمەڵگە”.
باس لەوەش دەکات: بۆیە ئازادکردنی ئۆجالان گرنگییەکی زۆری دەبێت لەسەر یەکێتی و یەکدەنگی گەلی کورد، بەتایبەتی ژنان، چونکە تێزەکانی بۆتە هۆی پێشخستن و نزیکبوونەوەی ژنان لەیەکتر.
سمکۆ سابیر، چالاکوانی بواری جینۆساید، ئاماژە بەوە دەکات: ” فەلسەفە و هزری ئۆجالان ئاستی لۆکاڵی تێپەڕاندووە و گەیشتۆتە ئاستی نێودەوڵەتی، لە هەندێ لە زانکۆکانی جیهانیشد ا وەکو مەنهەج دەخوێنرێت، هەر بۆیە دوژمن زۆر لێی دەترسن”.
دەشڵێت: گۆشەگیرکردنی ئۆجالان شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، چونکە ئۆجالان لە خزمەت حەقیقەتی مێژوویی و دۆزی ڕەوای گەلی خۆیەتی، ئازادکردنی پرسێکی مۆراڵی و ئەخلاقی و مرۆییە.