شەممە, 28 مار 2020 – 14:06 ڕۆژنیوز – سلێمانی
هێرش سەلیم جێگری بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز ڕایگەیاند، کە بەرێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی پێشنیاری کردووە بۆ حکومەتی خۆجێی سلێمانی کە تا ١٠ بۆ ١٥ مانگی داهاتوو قەدەغەی هاتووچۆ و کەرەنتینەکردنی هاوڵاتیان لە ماڵەکانیاندا بەردەوام بێت.
هێرش سەلیم وتی، ئەوان پیشنیاریان کردووە، بەڵام تائێستا بڕیاری لەسەر نەدراوە.
جێگری بەرێوەری تەندروستی سلێمانی باسی لەوەش کرد، کە ئەگەر هەیە دوای ١٠ بۆ ١٥ی مانگی چوار کەمێک کار ئاسانی بۆ هاووڵاتیان بکرێت و %٢٠ خزمەتگوزاریەکانیان بۆ کارا بکرێتەوە، هەروەها دەڵێت: ئێمە وەک تەندروستی سلێمانی بە باشی دەزانین کە کەرەنتینەی هاوڵاتیان بەردەوام بێت، چونکە سوودێکی زۆری دەبێت و ڕێگرێکی باش دەبێت لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و تووشبوونی هاوڵاتیان.
ئەمە لە کاتێکدایە، کۆی گشتی تووشبووان بە کۆرۆنا لە هەرێم گەیشتووەتە ١٢٢ تووشبوو، لەو ژمارەیەش ٢ کەسیان گیانیانلەدەستداوە و ٥١ نەخۆشیش چاکبووەتەوە، لەم ژمارەیەش ٦٩ حاڵەتیان لە پارێزگای سلێمانی بووە، لەو ژمارەیەش ٤٨ کەسیان چاکبوونەتەوە.
جێگەی ئاماژەیە، لە ٧٢ کاتژمێری ڕابردوودا، هیچ تووشبوویەک لە ناو سەنتەری شاری سلێمانیدا تۆمارنەکراوە.
س.ح