گۆڕان باوەڕی بە یەکێتی نییە بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی نوێ

یەکێتیی هەوڵ دەدات بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ گۆڕان، بەڵام "کارنەکردن بە ڕێککەوتننامەی دەباشان" گۆڕانی لە هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ لەگەڵ یەکێتی بێ ئومێد کردووە و پێیانوایە خۆنزیککردنەوەی یەکێتی، بۆ پەیامدانە بە (پ.د.ک).


بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنیوز لە سەرچاوەیەکی ناو جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیکەوتووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەوڵی ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان دەدات، گۆڕانیش داواکارییەکەی ڕەتنەکردووەتەوە، بەڵام پێشمەرجەکانیشی نەشاردووەتەوە.

ڕۆژنیوز لە هەمان سەرچاوەوە ئەوەشی زانیوە، کە یەکێتی بۆ ئەو مەبەستە لە "چەند لایەکەوە" داواکاریی ڕێککەوتنێکی نوێی ئاڕاستەی سەرکردەکانی بزووتنەوەی گۆڕان کردووە، بەڵام هێشتا بە فەرمیی ئەو داوایەیان ئاڕاستەی بزووتنەوەکە نەکردووە.

هاتنە ئارای ڕێککەوتنێکی نوێ لەنێوان ئەو دوولایەنەدا، کە ١٧ی ئایاری ٢٠١٦ بە ئامادەبوونی هەریەکە لە جەلال تاڵەبانی، سکرتێریی کۆچکردووی یەکێتیی و نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێتی و گۆڕان ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو لێکتێگەشتنەی کە لە ئەیلولی ٢٠١٢دا لە نێوان مام جەلال و نەوشیروان مستەفادا لە دەباشان واژۆکرا، کە بە ڕێککەوتنی دەباشان ناسراوە.

لەدوای ڕێککەوتنی ئایاری ٢٠١٦ەوە، یەکێتی و گۆڕان لیژنەیەکیان بەناوی لیژنەی باڵای هاوبەش لە هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان پێکهێنا، کە ئەرکی لیژنەکە زیاتر لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی دەباشان خۆی دەبینییەوە، ئەمەش تا ڕادەیەکی پەیوەندییەکی گەرموگوڕی لە نێوان ئەو دوو حزبەدا هێنابووە کایەوە.

ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکەی نێوان گۆڕان و یەکێتی لە ٢٥ ماددە و١١ بەش پێکھاتبوو، هەرچەندە ساڵێک بەسەر تەمەنی ئەو ڕێککەوتننمایەدا تێپەڕ نەبووبوو، بەڵام زۆر کات بەرپرسانی گۆڕان گلەییان لە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکە هەبوو لەلایەن یەکێتییەوە، سەرەنجام لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ڕێککەوتنی دەباشانی هەڵپەسارد.

"یەکێتی ڕێککەوتنی دەباشانی جێبەجێ نەکرد"

هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز، یەكێتی بە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی دەباشان تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: یەکێتی ئامادەنەبوو ڕێککەوتنی دەباشان جێبەجێ بکات، تەنانەت یەک خاڵیشی جێبەجێ نەکراوە.

گۆڕان لەڕێگای سەرکردەکانییەوە پێشمەرجەکانی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتن گەیاندووە بە یەکێتی، کە دیارترینیان بریتییە لە "هەڵگرتنی سزا سیاسییەکان دژ بە لایەنگرەکانی گۆڕان لەلایەن یەکێتییەوە"، هەروەها گەڕاندنەوەی ئەو پشکانەی کە گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدەستیهێناوە و تا ئێستا یەکێتی بۆی نەگەڕاندووەتەوە.

"نیازپاکییمان لە یەکێتی نەبینیوە"

هێمن شێخانی دەڵێت: ئێمە نیازپاکییمان لە یەکێتی نەبینیوە، یەکێتی تا ئێستاش بەردەوامە لە سزادانی هەڵسوڕاوەکانی ئێمە، لەناو دامودەزگا حکومییەکان و لەناو وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە، یەکێک لە داواکارییەکانی ئێمە ئەوەبووە کە سزای سیاسیی ئەندامەکانمان بووەستێنێت، بەڵام هێشتا ئەم داواکارییەشی جێبەجێ نەکردووە.

باسوخواسی ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی نوێ لە نێوان یەکێتی و گۆڕاندا، لە سەروبەندی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدایە، کە زیاتر لە چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمدا تێپەڕبووە و هێشتا حکومەت پێنەهاتووە، بەگوێرەی زانیارییەکان خاڵێکی ناکۆکیش کە لە پێکهێنانی حکومەتدا ماوە، پۆستی جێگرانی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمە، یەكێتی ئەو دوو پۆستە بە مافی خۆی دەزانێت و گۆڕانیش وەرگرتنی یەکێک لەو پۆستانەی کردووەتە پێشمەرج بۆ بەشدارییکردن لە کابینەی نوێی حکومەت، بە بڕاوی چاودێرانی سیاسیش، ڕەنگە ئەم ناکۆکییانە پێکهێنانی حکومەت زیاتر دوابخەن.

"یەکێتی دەیەوێت پەیامێک بداتە پارتی"

ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، دیدی خۆی دەربارەی ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ یەكێتیی بۆ ڕۆژنیوز دەردەبڕێت و دەڵێت: یەکێتیی دەیەوێت بە خۆنزیککردنەوە لە گۆڕان، پەیامێک بە پارتی بدات کە ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکەن، ئەوا ئێمە لەگەڵ گۆڕاندا ڕێککەوتن دەکەین.

"یەکێتی نامەیەکی بۆ عومەری سەید عەلی ئامادەکردووە"

هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ئاشکرایدەکات، کە یەکێتیی نامەیەکیان لەبارەی پرسی ئەنجامدانی ڕێککەوتنەوە بۆ عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتیی گۆڕان ئامادەکردووە، "ئەوەی کە باس دەکرێت لەلایەن چەند بەرپرسێکی یەکێتییەوە باس دەکرێت و قسەیە بۆ میدیاکان فڕێ دەدرێت، بەڵام نامەیەکیان ئامادەکردووە بۆ ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان".

ڕۆژنیوز لەسەر ئەم پرسە و بۆ وەرگرتنی ڕای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیوەندی بە چەندین ئەندامی مەکتەبی سیاسیی، سەرکردایەتیی و ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتییەوە کرد، بەشێکیان بێ ئاگایی خۆیان لە پرسەکە دەربڕی و بەشێکی دیکەشیان ئامادەنەبوون قسەی لەبارەوە بکەن.

ش.ف