وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، ئەگەر دۆخی خەڵک خراپ بێت خۆمان بە بەشێک لە هۆکاری ئەو خراپییە دەزانین، ئاماژە بەوەش دەکات ئەو شاندەی چوونەتە بەغدا شاندێکی “هونەریی”بوون و داوا دەکەن شاندێکی بڕیاربەدەستی سیاسیی بچێتە بەغدا و ڕێککەوتن بکات بۆ ناردنی بوودجە.
ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و پرسی ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا و ئامادەکاریکردن بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانیی کۆبووەوە.
عەدنان عوسمان، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان، ئێوارەی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو و وتی: کۆبوونەوەکە تایبەتبوو بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان و پرسی مووچە و ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، جەختمان کردەوە لەسەر ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان پشتگیریی هەموو ناڕەزایەتییەکان دەکات.
دەربارەی ڕێگریی لە خۆپیشاندانەکانی سێ ڕۆژی ڕابردووش وتی: ڕێگرییکردن لە خۆپیشاندان بە هەر بیانوویەک بێت لای ئێمە قبوڵ نییە، چونکە کەرامەت و ژیانی هاوڵاتیانە، زیندانییکردنی خۆپیشاندانەکان مەحکوم دەکەین.
جەختیشیکردەوە: پێویستە هەرێم شاندێکی بڕیاربەدەستی باڵا بچێتە بەغدا و کار لەسەر پرسی ناردنی بەشە بودجەی هەرێم بکرێت و ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بکات بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخەی ئێستا هەیە.
لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنیوز دەربارەی ئەوەی دەوترێت ئەو شاندەی ڕۆچوونەتە بەغدا دەسەڵاتی ڕێککەوتنیان نییە کەواتە هیچ ڕێککەوتنێک کراوە؟ عەدنان عوسمان وتی: ئەو شاندەی ڕۆشتوونەتە بەغدا شاندێکی هونەریی بوون و دواتر دەبێت شاندێکی سیاسیی بەهێز بڕوات، ئەم شاندە زیاتر بۆ ڕێکارەکان ڕۆشتوون.
هەر لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی ڕۆژنیوز، دەربارەی ئەوەی بۆچی لە سلێمانی هێز بەکارهێندرا دژ بە خۆپیشاندەران لەکاتێکدا پارێزگاری سلێمانی لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان وتی: ئێمە لەگەڵ ڕێگریکردن لە خۆپیشاندان نین و هیچ یاسایەکیش لەسەرووی قووت و بژێوی خەڵک نییە، هیوادارین هەموو نوێنەرەکانمان سیاسەتی بزوتنەوەکە پەیڕەو بکەن.
جەختیشیکردەوە: ئێمە بەشێکین لەم حکومەتە، ئەگەر ژیان و گوزەرانی خەڵک باشبێت ئێمەش بەشێکین لەو باشییە، ئەگەریش ژیان و گوزەرانی خەڵک خراپ بێت ئەوە ئێمەش بەشێکین لەو خراپییە.
ئەوەشی خستەڕوو، کە سبەینێ شاندێکی پارتی دێنە سلێمانی و لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی کۆدەبنەوە، ئەوەش وەک زەمینەسازییەک بۆ کۆبوونەوەی سێ قۆڵی.
ک.س