بزوتنەوەی گۆڕان، بە فەرمی هەڵوێستی خۆی لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق ئاشكرا دەكات دەڵێت بۆ بەغدا ڕێک بکەون و گرێكوێرەی كێشەكان لەناوخۆدا بکەنەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان کە لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق هیچ پەرلەمانتارێکی نییە، بەڵام هاوپەیمانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (یەنەکە) بوو لە بارەی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند.
بزوتنەوەکە دەڵێت: پرسی دیاریكردنی كەسایەتیەك بۆ سەرۆكایەتی كۆمار كە پشكی كوردە؛ بووەتە مژارێكی گەرم و ململانێی توندی حیزبی بەدوای خۆیدا ھێناوە. ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لەسەر كاركردن بۆ جێبەجێكردنی ستراتیجێكی نیشتیمانی كوردستانی لە بەغدا دەكەین.
گۆڕان ئاماژەی بەوەکردووە کە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتیمانی كورد لەناو ھاوكێشەی نوێی عێراق “وادەخوازێت؛ بە یەكگوتاری كوردستانی لەسەر بنچینەی پاراستنی دەستكەوتە دەستورییەكان بەیەكەوە كاربكەین، نەك سەنگەر لەیەك بگرین”.
باسی لەوەشکردووە “ئەولەویەتی ئەم قۆناغەی خەباتی سیاسیی نەتەوەكەمان لە بەغدا، پێكەوەكاركردنە بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی ئیتحادی بە ئامانجی دەستەبەركردنی شایستە داراییەكانی ھەرێم و بەپیرەوەچونی داخوازییەكانی هاوڵاتیان”.
دەشڵێت “پۆست و كورسی و وەزارەتەكان، ھۆكاری بەھێزكردنی پێگە و سەنگی كورد نەبوون، ململانێی كەسی و حیزبیش بە قازانجی جێبەجێكردنی مافە دەستورییەكان نەشكاونەوە، لەبەرئەوە بۆ بەغدا داوای رێككەوتن و كردنەوەی گرێكوێرەی كێشەكان لەناوخۆدا دەكەین”.
ماوەی چەند ڕۆژێکە یەنەکە و پەدەکە بە هۆی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە کە پێشتر درابوو بە یەنەکە لە ڕکابەریدان و پەدەکە داوای ئەو پۆستە دەکات و کاندیدی خۆی دیاری کردووە کە هۆشیار زێباریە، لەبەرمابەریشدا یەنەکە کاندیدی خۆی دیاری کردووە کە بەرهەم ساڵحە.
ها-غ