دووشەممە, 9 يول 2018 – 08:20 ڕۆژنیوز – بڕیار محەمەد
دەربارەی قسەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بەرامبەر بزوتنەوەی گۆڕان و تانەدانیان لە پشتیوانیکردنیان بۆ بزاڤی ڕزگاری خوازی کورد، كاروان هاشم ئەندامی جڤاتی نشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان تایبەت بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
كاروان هاشم ئەندامی جڤاتی نشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت:”لەگەڵ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی گەلی كوردین لە هەرچوار پارچەی كوردستان، هیچ هێزێكیش ناتوانێت خەونی گەلی كورد لەهەرچوار پارچەی كوردستان لە گۆڕبنێت، بۆیە ئێمە لەگەڵ چارەسەری ئاشتیانەین بۆ تەواوی پرسەكانی كورد لە هەموو پارچەكاندا.
سەبارەت بە لێدوانەكەی مەولود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی توركیا، كاروان هاشم رایگەیاند: ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەرەزوو قسەكانی چاوشئۆغلومان رەتكردەوە، بەداخەوە دەبوو حكومەتی هەرێمی كوردستان بێتە سەرخەت، چونكە دەوڵەتی توكیا دەوێت جیاكاری لە نێوان هەولێر و سلێمانیدا بكات، هەروەكو ئێستا گشتە ئاسمانییەكانی بۆ سلێمانی راگرتووە، ئێمە حكومەتی توركیا و هەرێمی كوردستان لەم كارانە بەرپرسیار دەزانین، ئەو هەڵوێستانەی هەردوو حكومەتەكەش ڕەتدەكەینەوە.
كاروان هاشم زیاتر دواو و باسی لەو فشارانەی دەوڵەتی تورک کرد لە سەر هەرێم و وتی:”ئەو هەڵوێستانەی ئێستای حكومەتی توركیا بەرامبەر بە سلێمانی دەیكات خودی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە گشتی حكومەتی هەرێم لێی بەرپرسیارە، بۆیە ئێمە داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین لە رێگای گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی توركیا ئەو كێشانەی چارەسەر بكات، كە حكومەتی توركیا وەكو سزا لەبەرامبەر بە خەڵكی سلێمانی دایناوە.
س.ح