سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر قاچاخی خاڵە سنووریەکان هۆشداری دەداتە دەسەڵاتداران و دەڵێت، ئەمە خاڵی یەکلاکەرەوەیە و ناکرێت بێدەنگ بن.
عەدنان عوسمان سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان پاڵپشتی لە بانگەوازییەکی سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکات کە داوای هەڵوێستی کردبو لەسەر “قۆرخکاری و قاچاخی خاڵە سنورییەکان” و دەڵێت، ئەمە زەنگێکی مەترسیداری گەورەیە.
عەدنان عوسمان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، قاچاخی سنوورەکان سەرەتایەکە بۆ فەرهودێکی ڕێکخراوانە و ئاشکرایانەی داهاتی نیشتمان و برابەشکردنی لە نێوان دەسەڵاتداراندا.
دووپاتیکردووەتەوە، بەردەوامی ئەمەو چارەسەرنەکردنی ئاماژەیە بۆ نەبوونی ئیرادە و بوونی پاڵپشت و پشتگیری و بەهیچ شێوەیەک ناکرێ بێدەنگ بن و ئەمە خاڵی یەکلاکەرەوەیە.
لە بانگەوازییەکەی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕاندا کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کردووە دەڵێت، بە ئاشکرا لە بازاڕدا نوسینگەی قاچاخی دانراوە و ھەرچیت بوێت ژمارەی ئۆتۆمبیلەکەت لێوەردەگرن و چیت بوێت بە بەرچاوی ھێزە ئەمنیەکانی حکومەتەوە لە باشماخ و پەروێزخانەوە بۆت داخڵدەکرێت، نوسینگەکانیش لە شەقامی سەھۆڵەکە و بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانین، بەوتەی خۆیشی، لوتکەی دەسەڵاتی حیزبی و ئەمنی و حکومی لە پشت ئەو کارەوەیە ئەگەرنا، ناکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە بزوتنەوەی گۆڕان یەکێک لە بەشداران و پێکهێنەرە سەرەکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
پێشتر ڕۆژنیوز لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ئاماژەی بە قاچاخی هێلکە و مریشکی بەستوو کردبوو لە ڕێی بەرتیلدان بە نوسینگەکانی حیزب لە بازاڕدا، کە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت ڕێگرییان لێبکات.
س.ح