گۆڕان: هەرچییەکمان پێبکرێت بۆ پشتیوانیی هەدەپە دەیکەین

 شاندی هەدەپە و کەجەدە لە شاری سلێمانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانیش کۆبوونەوە، پەرلەمانتارێکی گۆڕانیش دەڵێت: هەدەپە بە دەستەخوشکی خۆمان دەزانین و چیمان پێبکرێت بۆ پشتیوانییان دەیکەین.


دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە و تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکرات-کەجەدە بە سەرۆکایەتیی سەزای تەمەللـی هاوسەرۆکی هەدەپە و بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکی کەجەدە لە شاری سلێمانی لەگەڵ شاندێکی بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتیی عومەری سەید عەلی ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە کۆبوونەوە.

 دوای کۆبوونەوەکەش، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان باسی لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کرد و وتی: باردۆخی ئێستای تورکیا پێویستی بە گفتوگۆی ئاشتیانە هەیە، ئەوان باسیان لە پشتیوانیکردنی خەباتی مەدەنی کرد بۆ ئەوەی پرسی کورد لە باکوری کوردستان لە ڕێگای ئاشتیانەوە چارەسەربکرێت بۆ ئەوەی کە گفتوگۆ جێگای شەڕ بگرێتەوە.

 جەختیشیکردەوە: ئێمە وەک بزووتنەوەیەکی مەدەنیی باوەڕمان بە خەباتی مەدەنییە، بۆیە هەدەپە بە دەستەخوشکی خۆمان دەزانین لەڕووی سیاسیەتی مەدەنییەوە، بۆیە هەموو هەموو پشتیوانییەکیان دەکەین، چیمان پێ بکرێت بۆ پشتیوانی هەدەپە دەیکەین.

ب.ش