گۆڕان: هەموو هەوڵەکانمان بۆ پشتیوانیی ڕۆژئاوا بەکاردێنین

ئەندامێکی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، پشتیوانیی بزووتنەوەکەی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەردەبڕێت و دەڵێت: دەبێت هێرشەکانی تورکیا بووەستێندرێت.


ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوەیەکی نێوان یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، عەدنان عوسمان، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان و سکرتێری جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان.

عەدنان عوسمان، وتی: ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان هەڵوێستمان ڕوونە و لەڕووی سیاسیی و دیپلۆماسی و جەماوەرییەوە پشتگیریی رۆژئاوا دەکەین، چونکە ئەوان ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە تێکشاندنی داعش، پێویستە هەمو کوردێک سەرسەختانە پشتگیریی ڕۆژئاوا بکات.

ئەو ئەندامەی خانەى راپەڕاندن، جەختیکردەوە، هێرشەکانى تورکیا جگە لە تێکدانى ئاسایش و ئارامى ناوچەکە و تێکدانى مافە ڕەواکانى گەلى کورد و ئەو ژیانەى کورد خۆى هەڵیبژاردووە کە چۆن بژى، هیچى تر نییە.
عەدنان عوسمان، دوپاتیکردەوە، دەبێت ئەو هێرشەى تورکیا بوەستێنرێت و بزووتنەوەکەشی هەموو هەوڵە دیپلۆماسى و سیاسى و جەماوەرییەکانى خۆى بەکاردەهێنێت بۆ پشتیوانى لە ڕۆژئاواى کوردستان.

ش.ف