گۆڕان: پێویسته‌ پارتی و یه‌کێتی ده‌ستبه‌رداری ئه‌م ده‌ستێوه‌ردانه‌ خراپانه ببن

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کە دەستگیرکردنی هاوڵاتیان و چالاکان لە دەرەوەی بڕیاری دادوەر، پێچه‌وانه‌ی یاسا و هه‌موو ئه‌و بانگه‌شانەیە له‌ به‌رنامه‌ی حزبه‌ سیاسیه‌کاندا هه‌یه‌، دەشڵێت: پێویسته‌ پارتی و یه‌کێتی ده‌ستبه‌رداری ئه‌م ده‌ستێوه‌ردانه‌ خراپانه ببن.


هێزە ئەمنییەکانی هەولێر و سلێمانی له‌ چوارچێوه‌ی به‌رگی حزبیی و له‌ده‌ره‌وه‌ی بڕیاری دادوه‌ر هاوڵاتیان دەستگیر دەکەن و بەپێویستی دەزانێت دەستبەجێ ئاسایش گیراوانی سلێمانی ئازاد بکات.

دوای ئەوەی دوێنێ ئاسایشی سلێمانی ٥٢ کەسی لە مەراسیمی یادی شەهیدانی پاریس لە سەکۆی ئازادیی سلێمانی دەستگیرکرد، ئەمڕۆ فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆی لە نووسراوێکدا لەژێر ناوی (ڕوونکردنەوە) بڵاوکردەوە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە:"ماوه‌یه‌که‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی هه‌ولێر و سلێمانی له‌ چوارچێوه‌ی به‌رگی حیزبی و له‌ ده‌ره‌وه‌ی بڕیاری دادوه‌ر چه‌ندین که‌س ده‌ستگیرکراون کە دوایه‌مین هه‌نگاوی نایاسایی ده‌ستگیرکردنی چه‌ند چالاکوانێکی سیاسی و هاوڵاتی بوو له‌ ساڵیادی تیرۆرکردنی ساکینه‌ جانسز و هاوڕێکانیدا له‌ پارکی ئازادیی سلێمانی".

هەروەها، هاتووە:"ئه‌م پڕۆسه‌ی ده‌ستگیرکردنه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌، پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌و بانگه‌شانەیە له‌ به‌رنامه‌ی حیزبه‌ سیاسیه‌کاندا هه‌یه‌".

فراکسیۆنی گۆڕان بە پێویستی دەزانێت، کە ئاسایشی سلێمانی سه‌رجه‌می ئه‌و هاوڵاتیانە ئازادبکات که‌ ده‌ستگیری کردون له‌ ساڵیادی تیرۆری ساکینه‌ جانسز و هاوڕێکانی و دەشڵێت:"پێویسته‌ پارتی و یه‌کێتیش ده‌ستبه‌رداری ئه‌م ده‌ستێوه‌ردانه‌ خراپانه‌ ببن له‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌کان و به‌کارهێنانیان بۆ مه‌رام و ململانێی حیزبی، پێویسته‌ له‌ یاسا شکێنی و به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادی راده‌ربڕین دادگاکان هه‌ڵوێست و قسه‌ی جدیان هه‌بێت به‌رامبه‌ر حیزب و فه‌رمانده‌ سه‌ربازی و ئه‌منیه‌کان".

 

ش.ف