گۆڕان: ڕووداوەکەی شەوی ڕابردوو دوای هەڕەشەی بەرپرسێکی یەکێتی بووە

بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر تەقەکردنەکەی شەوی ڕابردوو لە گردی زەرگەتە ڕایدەگەیەنێت، کە لە ئه‌نجامی هه‌ڕه‌شه‌ی به‌ر‌پرسێکی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان "ژماره‌یه‌ک هه‌ڵسوڕاو له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌ ده‌که‌ونه‌ به‌ر هێرش و ته‌قه‌ی گروپێکی چه‌کداری به‌ناو سکیوریتی".


کاتژمێر ٠١:٣٠ خولەکی شەوی ڕابردوو، تەقە لە مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕان کرا لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی، بەهۆیەوە پاسەوانێکی مەکۆی سەرەکیی گۆڕان بەناوی ڕێبەند فەرهاد کوژرا، کەمێک لەمەوبەریش بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە، هەروەها پۆلیسی سلێمانی-ش ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکی بزووتنەوەی گۆڕان-دا هاتووە: شه‌وی سێشه‌ممه‌، ١١ی ٦ی ٢٠١٩، له‌ ئه‌نجامی هه‌ڕه‌شه‌ی به‌ر‌پرسێکی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان له‌ هه‌ڵسوڕاوان و مه‌کۆی سه‌ره‌کیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له ‌سلێمانی، دوای ئەوە ژماره‌یه‌ک هه‌ڵسوڕاو له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌ ده‌که‌ونه‌ به‌ر هێرش و ته‌قه‌ی گروپێکی چه‌کداری به‌ناو سکیوریتی و له‌ ئه‌نجامدا کاکه‌ (ڕێبه‌ند فه‌رهاد) شه‌هید ده‌بێت و چه‌ند که‌سێک ده‌ستگیرده‌کرێن و پاش ماوه‌یه‌ک ئازاد ده‌کرێن.

بزووتنەوەی گۆڕان پێیوایە، کە "ئه‌م جۆره‌ ڕ‌فتاره‌ نابه‌رپرسیارانه‌ ئاسایشی ناوچه‌که‌ و شاری سلێمانی تێکده‌دات" و وێڕای ئیدانەکردنی، دەشڵێت: ئۆباڵی هه‌ر ڕووداوێکی نه‌خوازراو ده‌خەینە‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌ی که‌ ڕێز بۆ ئارامی و ئاسایش و ژیان و که‌رامه‌تی هاوڵاتیانی کوردستان دانانێن.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان داوای لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ "کۆی هه‌ڕه‌شه‌" و ڕووداوه‌که‌ ده‌کات و بەپێویستی دەزانێت، کە‌ "حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان ڕێوشوێنی یاسایی بگرنه‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌رکردن و ڕێگا‌گرتن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ و ڕووداوانه‌ و پێویسته‌ تۆمه‌تبارانیش سزای یاسایی وه‌ربگرن".

هاوکات نیوەڕۆی ئەمڕۆ پۆلیسی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر ئەو ڕووداوە بڵاوکردەوە، تێیدا ڕەتیدەکاتەوە کە تەقە لە مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕان کرابێت و دەڵێت: كاتژمێر ٠١:٣٠ خولەكی شەوی ڕابردوو گرژیی ‌و ئاڵۆزیی دەكەوێتە نێوان كۆمەڵێک چەكدار و پاسەوان (سكیورتی) نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە، كە چەكدارەكان ویستویانە بە زۆر بچنە ناو نەخۆشخانەكەوە و هێرشیانكردووەتە سەر سكیورتییەكان ‌و تەقە دروستبووە لە بەردەم نەخۆشخانەكە و دوور لە مەكۆی سەرەكیی بزووتنەوەی گۆڕان بووە.

پۆلیسی سلێمانی جەختیشیکردووەتەوە، کە لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن، "لە داهاتووشدا تەواوی ڕێكارە یاساییەكان بۆ هاوڵاتیان دەخەینەڕوو".

س.ح