گۆڕستانی سەیوان بووەتە بازاڕی هەژاران

نزیکەی شەش ساڵە، تەنیشت گۆڕستانی سەیوان لە شاری سلێمانی، بووەتە بازاڕی هەژاران و هەفتانە هاوڵاتیان بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان سەردانی دەکەن و خۆیان لەناو هاواری فرۆشیاران و هەمەچەشنی کاڵاکاندا ون دەکەن و بۆ چەند کاتژمێریک تێکەڵ بە ڕۆحی بازاڕێکی میللی دەبن، کە دونیایەکی تەواو جیاوەزە لە بازاڕیی مۆدێرن و مۆڵە گەورەکان.


ڕۆژانی هەینی فرۆشیاران و کڕیاران لە تەنیشت گۆڕستانی سەیوان کۆدەبنەوە و پێکەوە پارە و کاڵاکان ئاڵوگۆڕ پێ دەکەن، مامەڵەکان لێرە هێندە گەرمن، خەریکە سەیوان سیمای گۆڕستان لەدەست دەدات و دەبێتە بازاڕێکی گەورە و بۆنی ژیان بەسەر بۆنی گۆڕستاندا سەردەکەوێت.

هاوڵاتیان لەهەموو شوێنێکەوە سەردانی ئەم بازاڕە دەکەن و پێداویستیەکانی ڕۆژانەیان دەکڕن، ئەوەندەش قەرەباڵغە کە ڕێگای ئۆتۆمبێل نەماوە تێپەڕێت بە شەقامەکەدا.

هەموو ڕۆژانی هەینیەک ئەم کاسبکارانە لە کاتژمیر٥:٣٠ خولەکی بەیانیەوە دێن بۆ لای گردی سەیوان، هەندێک لە کاسپکارەکان لەسەر بۆنیتی ئۆتۆمبێلەکانیان یان سندوق و پشتی ئۆتۆمبێلەکانیان کاڵاکانیان دادەنێن، یان لەسەر زەوی و شۆستەکان یاخود لەسەر عەرەبانە ئەوەی هەیە دایدەنێن.

ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم بازاڕەدا کاسبکار و کڕیاری کورد و عەرەب و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان پێکەوە کۆدەبنەوە و کاڵا دەکڕن و دەفرۆشن.

گرنگی ئەم بازارە لەوەدایە کە نرخی شت و مەکەکان هەرزانتەر لە بازاڕەکانی دیکە، هەرکاڵایەک بە ٥٠٠ -٢٠٠٠ دینار کەمتر لە نرخی ئاسایی خۆی دەفرۆشرێت، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی ڕاکێسانی کڕیارە بۆ بازاڕەکە.

لەم بازاڕەدا هەموو جۆرە کاڵایەک هەیە، گوڵ و ئینجانە، خواردن، میوە، شیرینی، جل و بەرگ، قوماش، قاپ و قاچاغ و کەرەستەی کارەبایی، چەندەها شتی دیکە دەفرۆشرێت، فرۆشیارەکان بەدەنگی بەرز هاوار دەکەن "هەڕاج  و تاڵانە و لێرە دەست دەکەوێت، یاخود بە شێوازی دیکە و بەکارهێنانی وشەی سەرنجڕاکێش کڕیار لەخۆیان کۆدەکەنەوە.

هاوڵاتیانیش لەکاتژمێر ٧ و ٨ی بەیانیەوە سەردانی بازاڕەکە دەکەن، ئەو هاوڵاتیانەی سەردانی بازاڕەکە دەکەن یان ماڵیان نزیکی گردی سەیوانە یان لە دوورە هاتوون سەردانی بازاڕەکە دەکەن، یاخود بۆ سەردانی گۆڕستانی سەیوان هاتوون و بە گەشتێکی نێو ئەم بازاڕە کۆتایی بە سەردانەکەیان دێنن.

د.ع