گۆڤاری "ڕۆژی نوێ" شاهیدێکی زیندوو لەسەر ڕۆڵی کورد لە سەدەی ڕابردوودا

یەکی نیسانی هەموو ساڵێک، هاوکاتە لەگەڵ دەرچوونی یەکەم گۆڤاری سیاسی کورد لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بەناوی گۆڤاری ڕۆژی نوێ، کە بە قەڵەمی ژمارەیەک نووسەرو ڕۆشنبیری کورد ڕۆڵ و خەباتی سیاسی کورد نووسراوەتەوە و ئێستا لە کتێبخانەی کوردیدا بووەتە شاهیدێکی زیندوو لەسەر ئەو مێژووە کورتەی تیایدا دەرچووە.


یەکەمین ژماری گۆڤاری ڕۆژی نوێ، لە سلێمانی لە ١ی نیسانی ١٩٦٠ لە سەر دەستی جەمال شاڵی و بە بەشداریی چەند نووسەرێکی دیکە، وەک درێژەپێدەری گۆڤاری گەلاوێژ چاپکرا و بە چاپکردنی ١٨ ژمارە لە ماوەی زیاتر لە ساڵێک توانی خوێنەرێکی زۆر لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان کۆبکاتەوە.

ناوی گۆڤاری ڕۆژی نوێ، جەماڵ شاڵی هەڵیبژارد واتە دەوروو زمانێکی نوێ دوای نەمانی ڕژیمی پاشایەتی کە بۆ کوردیش ڕۆژێکی نوێ بوو، ناونیشانەکەی گۆڤارێکی ئەدەبی، سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو و بە ناوەڕۆک هەمان مەبەستی هێناوەتەدی هەنگاوی بەرەو ئاسوی سەرکەوتنی کورد لەو ڕۆژە نوێدا نیشان داوە.

گۆڤارەکە ٢٢ی شۆباتی ١٩٦٠موڵەتی دەرچوونی بە ئمتیازو و لێپرسراوی سەرنووسەر جەمال فەقێ محەمەد شاڵی پارێزەر لە وەزاەرەتی ئیرشاد بۆ وەرگیراو و دەستەی نووسەرانی بریتی بووە لە کامەران موکری سکرتێری نووسین، موحەڕەم موحەمەد ئەمین، ئیحسان عەبدولکەریم، کەریم زەند وعەبدوڵا ئەژدەر، کە هیچ یەکێک لەوانە ئەزموونی پێشتری لە بواری ڕۆژنامەنووسیدا نەبووە، بەڵکو پێویستی و بایەخی گۆڤارێکی وەها کۆی کردبوونەوە.

گۆڤارەکە سیاسی بووە و هەفتانە دەرچووە، بەڵام لەبەر کێشەی دارایی و کەمی نووسەری بەتوانا، نەیتوانیەوە زۆر بەردەوام بێت، هەربۆیە یەکەم ژمارەی لە ١ی نیسانی ساڵی ١٩٦٠ لە سلێمانی دەرچوو، دوا ژمارەشی لە ٢ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦١ دەرچووە.

گۆڤارەکە لە ڕێی پۆستەوە دەگەیەندرایە خوێنەرەکان لە شارو شارۆچکەکانی باشوری کوردستان و تەواوی شارەکانی عێراق، هەروەها بنکەی سەرەکی دابەشکردنیشی گۆڤارەکە، کتێبخانەی خەبات بوو لە شاری سلێمانی، جەماڵ شاڵی خاوەنی تا کۆتا ژمارەی، بەشێكی زۆر لە خەرجی گۆڤارەکەی کێشاوە و نیوەی دیکەشی ئابوونەی خوێنەرەکانی بووە.

ئەم گۆڤارە چەند ئامانجێکی هەبووە لە پرۆسەی سیاسی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی گەلی کوردو بەتایبەت گەشە پێدانی زمانی کوردی لە ڕووی چارەسەری گرفتی ڕێنووس و یەکخستنی شێوە کانی زمانەکە بۆ دانانی بناغەی زمانێکی یەکگرتوو ڕێکخراو و هەوڵدان بۆ ڕۆشنکردنەوەی زمانەکەو پوختەکردنی ڕێزمانی کوردی.

هەروەها گۆڤارەکە هەوڵێداوە تێکۆشان بکات بۆ پەرە پێدانی ئەدەبی کوردی بە شیعروو چیرۆک و پەخشان و زیندوکردنەوەی کەلەپووری نەتەوەیی و فولکلوری و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی، هەروەک بایەخیشیداوە بە وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی شیعر و چیرۆک و بابەتی وەرگێڕاوی هونەری و زانستی و کۆمەڵایەتی.

هەر لەو چوارچێوەیەدا گۆڤارەکە هەوڵیداوە مێژووی کورد بە شێوەێکی زانستی و ورد ساغ بکاتەوە، هەروەها خەباتی بۆ سەر خستن و پێشخستنی نەتەوەی کورد لە سەرانسەری کوردستاندا کردووە.

لەبەر ئەوەی لە شاری سلێمانی دەرچووە، بەشی زۆری نووسەرەکانی ئەم گۆڤارە خەڵکی شارەکە بوون، شێوەزاری ناوچەی سۆرانی تیایدا زاڵ بووە، تێکرای ژمارەکانی گۆڤاری ڕۆژی نوێ، لە چاپخانەی کامەران بەلەدییە.

گۆڤارەکە لە چوارچێوەیەکی ئازاد و سەربەخۆدا کاری کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەستەی هەڵسوڕێنەرانی، ئەندامی پێشووی پارتی بوون، لەوکاتەدا وەک ڕاگەیاندنێکی پارتی بەرچاوکەوتووە.

جەمال شاڵی، یەکێک بووە لەو شاندەی پارتی کە لە ٦ی ئەیلول ١٩٦١ی رۆژی مانگرتنی خەلکی سلێمانی چووەتە دیوانی موتەسەریف و داواکانی میلەتی کوردی داوەتە حکومەت، بەڵام پەسەدن نەکراون، شۆڕشی ئەیلولیش ١١ی ئەو مانگە دژی ڕژێمی بەغدا بەرپا بووە، هەر لەوکاتەشدا دادوەری سەربازی بڕیاری گرتنی جەماڵ شاڵی داوە و گۆڤارەکەشی لە دوای ١٨ ژمارەی بەردەوام، داخستووە.

گۆڤاری ڕۆژی نوێ چەندین دەستنوس و تێکستی بەنرخی تێدایەو گەواهی ئەو مێژووە دەدەن کە کورد لەو قۆناغەدا لە ناوچەکە ڕۆڵی تێدا گێڕاوەو تا ئێستاش وەک سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند هەژمار دەکرێت لە کتێبخانەی کوردیدا.

د.ع