لەلایەن گوروپی ڕێساوە لەگەرمیان، خولێکی هۆشیاریی لەبارەی یاسای باری کەسێتی بۆ خوێندکاران و گەنجان کرایەوە، کە تێیدا لەماوەی مانگێدا هۆشیاریی یاسایی لەبارەی یاسای باری کەسێتییەوە دەدرێتە بەشداربووان.
ئەمڕۆ لە سەنتەری چالاکی گەنجان، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بەبەشداریی خوێندکاران و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان خولێکی یەک مانگەکە بۆ شارەزابوون لەبارەی یاسای باری کەسێتی عێراقی کرایەوە.
لە خولەکەدا سەرجەم بابەتە گرینگەكانی پەیوەندیدار بە یاسایی باری کەسێتی و کۆی ماددەکانی یاساکە، لەلایەن دادوەران و پارێزەرانەوە بەفێرخوازان دەوترێنەوە و شرۆڤە دەکرێن.
ئامانجی ئەم خولە ئەوەیە کە گەنجان هۆشیارییان هەبێت لەبارەی ئەو مافانەی لە یاساکەدا بە ژن و پیاو دراوە لەبارەی ( تەڵاق و جۆرەکانی تەڵاق، نەفەقە، تەفریق، گرێبەستی هاوسەرگیریی و بەخێوکردنی منداڵ…هتد).
خولەکە بۆماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت و لەڕۆژانی هەینی و شەممە، وانەکانی خولەکە دەوترێنەوە، هەروەها لەکۆتایی خولەکەدا بڕوانامە بەسەر سەرجەم فێرخوازاندا دابەشدەکرێت.
د.ع