سێشەممە, 14 أبر 2020 – 07:39 ڕۆژنیوز – بۆتان گەرمیانی
http://tv.rojnews.news/videolar/14-4-2020-garmian-diman-bo-raporty-anfal.mp4″>
٣٢ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر، قۆناغی سێیەمی ئەنفال، کە بە ئەنفالی گەرمیان یان ئەنفالی ڕەش ناسراوە و قورسترین قۆناغی ئەنفال بوو، ڕۆژی ٧ی نیسانی ساڵی ١٩٨٨ دەستیپێکرد و هەموو ناوچەکانی چەمچەماڵ، سەنگاو، کفری، کەلار، زنانە، قادر کەرەم، دوز، پێباز و تیلەکۆ و لەیلانی گرتەوە و زیاتر لە ٥٠٠ گوند و چوار شارەدێ وێرانبوون و دەیان هەزار ژن، منداڵ، پیر و پەککەوتەی لە دوای زیلە سەربازییەکانەوە بردە بیابانەکانی عەرعەر و زیندانەکانی دبس و نوگرەسەلمان و زیندەبەچاڵی کردن.
تاوانی ئەنفال بە هەشت قۆناغی یەک لە دوای یەک بەڕێوەچوو، بەڵام ڕۆژی ١٤ی نیسانی ١٩٨٨، لە ئەنفالی گەرمیاندا پرۆسەکە گەیشتە دڕندەترین ئاست، کە قەبارەی زیان و قوربانییەکانی بە نیوەی کۆی قوربانییەکانی هەموو تاوانی ئەنفال مەزەندە دەکرێت، لەو ڕۆژەدا نزیکەی ٢٠ هەزار خەڵکی گەرمیان، کە بەشی زۆریان ژن، منداڵ، پیر و پەککەوتەبوون لە ملەسورە کۆکرانەوە و بە ئۆتۆمبێلی جۆری ئیڤای سەربازیی و تراکتۆر گواسترانەوە بۆ گوندی قۆرەتوو و هەموویان ئەنفالکران، هەر بۆیە ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی ڕەشی ئەنفال دیاریکرا.
لەبەر ئەمەش ١٤ی نیسانی هەموو ساڵێک دیاریکراوە، بۆ یادکردنەوەی ئەم کۆمەڵکوژییە ڕەشە کە تیایدا (١٨٢٠٠٠) کوردی بێتاوان شەهیدکران، ساڵانە لەم ڕۆژەدا، بە ئامادەبوونی كەسوكاری ئەنفالكراوان و ژمارەیەك بەرپرسی باڵای هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەند و پەرلەمانتاران و ژمارەیەك بەرپرسی حیزبی، یادی ئەنفال لە مەزاری ئەنفالی گەرمیان، لە گوندی دێبنەی سنوری شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچكەی كەلار و مۆنۆمێنتی ئەنفال لە شارۆچکەی چەمچەماڵ لە سنوری ئیدارەی گەرمیان و زۆربەی شار و شارۆچکەکانیتر دەکرێتەوە.
بەڵام ئەمساڵ، بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆوە، هیچ مەراسیمێک بۆ ساڵیادی ئەنفال بەڕێوەناچێت تەنها، كەسوكاری ئەنفالكراوان دەتوانن سەردانی مەزاری شەهیدانیان بکەن بۆ دڵنەوایی و دانانی تاجە گوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدان.
بەشێک لە چالاکوانانی بواری ئەنفال و جینۆساید، لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، جیاواز لە چالاکی و مەراسیمەکانی تایبەت بەم ڕۆژە، بۆ یادکردنەوەی ڕۆژی ئەنفال نەمام دەچێنن و هیچ زیندەوەرێکیش سەرنابڕن، هەروەها داوا لە تەواوی هاوڵاتییانیش دەکەن وەکوو پەیامێکی مرۆیی و ئەخلاقی بەهەمانشیوە یادی ئەم ڕۆژە بکەنەوە.
لەو بارەیەوە سمکۆ سابیر، نوسەر و چالاکوانی بواری ئەنفال بۆ ڕۆژنیوز دوا و وتی: سەرنەبڕینی هەموو جۆرە ئاژەڵ و پەلەوەرێک لەیادی ئەنفالی هەموو ساڵێکدا، ماناو تێگەیشتنی قوڵی هەیە، زۆرێک لەنەتەوە جینۆسایدکراوەکان بەجۆرێک لەڕق و توندوتیژییەوە یادی ڕابردوویان دەکەنەوە، بەڵام دەکرێت بۆ ئێمەی کورد تەواو جیاواز و تایبەت بێت، بەوەی دەتوانین لەو ڕۆژەدا لەناو ماڵەکان یادی ئەنفال بکەینەوە و ڕێز لەقوربانییان و کەسوکارەکانیشیان بگرین، بۆ هەموو دونیا بیسەلمێنین، کە ئیمە میللەتێکین جیاواز یادی قوربانیەکانمان دەکەینەوە و ڕێزیان لێدەگرین، هاوکات وەک لایەنێکی مرۆیی و ئەخلاقی، کە هەموو زیندەوەرێک ژیانی لەژێر دەستی ئێمەدا پارێزراوە.
هەروەها وتیشی: داواکارین لەڕۆژی ١٤ی٤دا، هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە نەمامێک بچێنێت، کەسوکاری ئەنفالکراوان دەتوانن لەم ڕۆژەدا لەخەیاڵی خۆیاندا ناوێک بۆ ئەو نەمامە دابنێن، تەواوی کۆمەڵگا ئەم بڕیارە بدات ئەگەر لەڕۆژی ١٤ی٤یش ئەنجام نەدرا، دەتواندرێت لەڕۆژێکی دیکەدا ئەم کارە ئەنجام بدات، ئەم کلتورە لەیەک کاتدا وەک پابەندی ئەخلاقی و لایەنی ژینگەیی گرنگی خۆی هەیە، هەرتاکێک لە ئیمە وابزانێت کە قەرزارە بەچاندنی نەمامێک و دەبێت ساڵانە نەمامێک بۆ ڕۆحی قوربانیانی ئەنفال بچێنێت.
لە کۆتایشدا ئاماژەی بەوەدا: ئەگەر ئەم بیرۆکەیە بکرێت بەکولتورێکی گشتی و لەهەموو ماڵێکدا ڕەنگبداتەوە کەواتە ئەرکێکی گەورەی مرۆییمان جێبەجێکردووە وپەیامێکی پیرۆزمان بەگوێی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا ڕاگەیاندووە و پەخشکردووە.
ک.س