​​​​​​​گەرمیانییەکان دەیانەوێت لەڕێگەی بایکۆتەوە زیان بە تورکیا بگەیەنن

​​​​​​​به‌شێك له‌دانیشتوانی گه‌رمیان ڕایده‌گه‌یه‌نن، بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر توركیا و داگیركارییه‌كه‌ی بۆ سه‌ر  ڕۆژئاوا، پێویسته‌ هه‌موو كوردێك بایكۆتی شتومه‌ك و كاڵا توركییه‌كان له‌ بازاڕه‌كانی باشور بكات و به‌مه‌ش زیان له‌ ئابوری توركیا بده‌ن.


دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە داگیرکارییەکانی لەسەر خاکی ڕۆژئاوای کوردستان و تا ئێستا دەیان هاوڵاتی مەدەنیی شەهید کردووە، ئەمەش ناڕەزایی تەواویی گەلی کورد و ئازادیخوازانی جیهانی لێکەوتووەتەوە، گەرمیانییەکان دژی ئەو هێرشە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن و دەیانەوێت بە بایکۆت سزای دەوڵەتی تورک بدەن.

ڕێبەر ئەحمەد، بەرپرسی ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیانی کورستان، دەڵێت: تورکیا ئابوریەکەی بەندە بە کاڵاو ئەو شتوومەکانەی کە لە ڕێگای بازرگانییەوە دێنە هەرێمی کوردستانەوە، بۆیە لە ئێستادا وەکو هەڵوێستێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی بۆ پاڵپشتیکردن لە ڕۆژئاوای کورستان پێویستە هەمووان بایکۆتی شتومەکی تورکی بکەن، ئەمەش دەبێت هۆشیاری هەبێت لەنێوان خەڵک و بازرگان و بەکاربەرەکاندا.

ڕێبەر وتیشی: زۆرینەی شمەک و کاڵا تورکییەکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کورستانەوە ساغ دەبێتەوە و داهاتێکی زۆر بۆ خەزێنەی تورکیا دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر ئێمە بایکۆتی کاڵای تورکی بکەین، ئەوا ئابوری تورکیا توشی داڕوخان دەبێت و ناچارە هەڵسوکەوت لەگەڵ دۆخەکەدا بکات بۆ ئەوەی بارسەنگی لاوازی ئابورییەکەی ڕاستبکاتەوە.

هەروەها گەرمیان محەمەد، بەرپرسی گروپی دواڕۆژ، وتی: له‌ ئێستادا کوردستان بازاڕێکی باشه‌ و شتومه‌ك و كاڵای توركی به ‌زۆری سه‌رف ده‌بێت و به‌رهه‌مه‌كانی داوایان له‌سه‌ره، گرنگه‌ وه‌ك په‌رچەكردارێك له‌به‌رامبه‌ر داگیركارییه‌كه‌ی توركیا بۆ سه‌ر ڕۆژئاوا بایكۆتی سه‌رجه‌م كاڵاكانیان بكرێت.

گه‌رمیان محه‌مه‌د، وتیشی: هه‌روه‌ها گرنگتره‌ گه‌شتكردن بۆ توركیا ڕابگیرێت و خه‌ڵك خۆی ئه‌و هه‌سته‌ی لادروستبێت، كه‌ ڕێگه‌ نه‌دات توركیای دوژمنی له‌ مێژینه‌ی گه‌لی كورد سود له‌ داهاتی وه‌ر‌گرێت و بیداته‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و كوردی پێ بكوژێت، ئه‌گه‌ر له‌ كوردستان ئه‌و دوو ڕێگه‌یه‌ گیرایەبه‌ر، بارگرانی و کاریگەریەکی باشی دەبێت لەسەر ئابوری ئەو وڵاتە.

س.ح