کەلەرم جۆرێکی سەوزەیە و جووتیارانی سنووری گەرمیان ماوەی چەند ساڵێکە دەستیان بەچاندنی کردووە و بایەخیان پێداوە، بەهۆی بە پیتیی خاکەکەیانەوە، جووتیارانی کفری زیاتر ئەم سەوزەیە بەرهەم دەهێنن و دەڵێن هاوردەنەکرێت دەتوانن کەلەرمی هەموو گەرمیان دابینبکەن.
کەلەرم سەرەتا لەناو شەتڵگە دەچێنرێت و ماوەی شەش هەفتە دەمێنێتەوە و گەشەیەکی باش دەکات، دوای سەوزبوونی دەبرێتە ناو ئەو زەوییەی بۆی دابینکراوە، لە سەرەتادا زەوییەکە پاکدەکرێتەوە و دواتر چاڵ بۆ شەتڵی کەلەرمەکە دەکرێت و دەچێنرێت، هاوشێوەی ئەو سەوزە و میوانەی سووڕی ژیانی لەناو زەوییەکەوە دەست پێدەکات .
لەکاتی چاندنییەوە سێ ڕۆژ جارێک ئاو دەدرێت و هەفتەی یەکجار دەرمان دەکرێت، بەدەرمانی فلاش و سیتۆ، بۆ ئەوەی دووربێت لەو نەخۆشیانەی هەن، هەمیشە کەلەرم حەزی بە کەشوهەوای ساردە و بە گەرمی خراپ دەبێت، کەلەرم بە زۆری لە مانگی ٩دا دەچێنرێت و مانگی ١٢ و ١ دێتە بەرهەم.
دوای ئەوەی خرایە ناو زەوییەکە، بۆ ماوەی سێ مانگ گەشە دەکات و گەورە دەبێت و دێتە بەرهەم، بەگشتی یەکجار بەر دەگرێت و هەندێجار دووجار بەرهەمی دەبێت و ڕەنگی سپی و سووری هەیە، بەش بەش بەرهەمەکەی لێدەکەنەوە، بەجۆرێک هەر پێنج ڕۆژ جارێک بەرهەمەکەی لێ دەکرێتەوە .
خالد کەریم، جووتیارێکە و لە سنووری شارۆچکەی کفری، بۆ ڕۆژنیوز وتی: زیاتر لە یەک دۆنم زەوی کەلەرمم کردووە ئەمساڵ، ئەمە سێیەم ساڵە لەسەریەک خەریکی ئەم کارەم، ئەگەر حکومەت ڕێگا بە هاوردەکردنی کەلەرم نەدات ئەوە بەرهەمی ئێمە لە بازاڕەکان بەشێوەیەکی باش ساغ دەبێتەوە.

بە وتەی ئەو جوتیارە، لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی لە سنوورەکانەوە کەلەرم دەبرێتە گەرمیان، ئەو بەرهەمەی ئەوان سوودێکی ئەوتۆی نییە و بەو شێوەیە پارە ناکات کە خۆیان دەیەوێت.، دەشڵێت: هاوردەنەبێت دەتوانین بەشی گەرمیان کەلەرم بەرهەم بهێنین.
ئەنوەر عەبدولعەزیز،بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی کفری بۆ ڕۆژنیوز،وتی: هەموو بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لەگەرمیان دەچێنرێن بەڵام لەهانە یان کەلەرم بەرهەمێکى کشتوکاڵی تازەیە لەناوچەکە دەچێنرێت، ئەم جووتیارە سێ سالە بەردەوامە لە بەرهەمهێنانى ئەم جۆرە سەوزەیە.

وتیشی: بەهۆی قەیرانی داراییەوە حکومەت نەیتوانیوە وەک پێویست هاوکاری جوتیاران بێت.
س.ح