هاوڵاتیان: یەکێتی نەتەوەیی چارەنوسی گەلەکەمان دیاری دەکات

هاوڵاتیانی گەرمیان پێیان وایە، لەئێستادا لە هەموو کاتێک زیاتر کورد پێویستی بە یەکێتییەکی نەتەوەییە و چارەنوسی گەلەکەمان دیاری دەکات، ڕەخنەی ئەوەش دەکەن کە کرێگرتەیی ناوخۆ و بەرژەوەندی حزبی و دەسەڵاتخوازی لایەنەکان بۆتە هۆی پەرتەوازەیی و نەبوونی یەکڕیزی نێوماڵی کورد.


بەشێک لە هاوڵاتیان و نوسەران لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، سەبارەت بە گرنگی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و هۆکار و بەربەستەکانی بەردەم نەبوونی یەکێتییەکی نەتەوەیی کوردان، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.  

عەباس مەحمود توێژەرێکی کۆمەڵایەتیەو باس لەوەدەکات، ئەزموونی ڕۆژئاوا، باکورو باشور پێمان دەڵیت کە دوژمنانی کورد هەمیشە لەسەنگەردان دژ بەئێمە، دەشڵیت: ئەگەر یەکگرتوو نەبین، ئەوا دووچاری لەناوچوون دەبینەوە، بۆیە داواکارم پارت و لایەنە سیاسیەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان بیر لەبەستن و پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی کورد بکەنەوە.

سەبارەت بە بەربەستەکانی بەردەم بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی، ئەو توێژەرە پێی وایە، هەرچوار وڵاتی دەوروبەر بەکرێگیراویان هەیە لەنێو حزبەکاندا، وتیشی:جگە لە کرێگرتەیی ناوخۆ، جارێکی تر حزبەکان بۆخۆیان بەربەستن لەبەردەم نەبەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی گەلی کورد، چونکە حزبەکان بەدوای بەرژەوەندی خۆیانن نەوەک بەرژەوەندی گشتی کورد.

جیهاد دەلۆیی نوسەر و ڕۆژنامەنوس لەو بارەیەوە وتی: بە بڕوای من یەکڕیزی نێوماڵی کورد سەرەتا ئەرک و بەرپرسیارێتی توێژەکانی کۆمەڵگایە دواتر حزبەکان و حکومەت، پێویستە فێربین کە فکر و ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکان قبوڵبکەین لەناوخۆماندا و بیکەینە هەوێنی پێشکەوتن و بەهێزکردنمان، نەک ببێتە هۆی پەرتەوازەیی و دژایەتی و شەڕی یەکترسڕینەوە، بەمشێوە حزب و حکومەتیش ناچاردەکەین ئەرکە قورسەکە پێکبهێنن.

بەشێک لەهاوڵاتیانیش لە سنوری ئیدارەی گەرمیان ئاماژە بەوە دەکەن، لەئێستادا ناوچە دابڕاوەکان و سنوورەکانی کوردستان لە قۆناغێکی چارەنووس سازدایە، تەنها یەکێتی نەتەوەیی چارەنووسی گەلی کورد دیاری دەکات، ئەوەی گرنگە لەم کاتەدا حزب و حکومەت و کۆمەڵگا لەژێر دروشمی'مرۆڤایەتی پێش هەموو شتێک و کوردایەتی پێش حزبایەتی' کاربکەن.

ب.ش