پێنجشەممە, 28 يون 2018 – 13:11 ڕۆژنیوز – قەندیل
ماوەی ٢٠ ڕۆژی چالاکیی قەڵغانی زیندوو لە قەندیل بەردەوامە و ڕۆژ بەڕۆژیش بەرفراوانتر دەبێت، ئەحمەد گەرمیانی، گەنجێکی خەڵکی باشوری کوردستانە و بەشدارە لە چالاکییەکەدا، لەبارەی هەڵوێستی دژی داگیرکاریی و پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد.
ئەحمەد گەرمیانی، کە ساڵی ٢٠١٤ وەک خۆبەخش چووەتە کۆبانێ بەشداریی لە بەرخۆدانەکانی کۆبانێ و سەریکانیدا کردووە، ئەو هێرشی سەر کۆبانێ، کەرکوک و عەفرین بە بەشێک لە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی لەدژی کورد دەزانێت، کە بەردەوامییەکەی ئێستا لە قەندیل بەڕێوەدەچێت.
گەرمیانی بەم شێوەیە قسەکانی دەستپێکرد: هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر قەندیل بە سەوزایی و بەرزاییەکانییەوە بناسێنین، ئەوەی قەندیل گەورە دەکات ئەوەیە کە بە خوێنی شەهیدان ئاو دراوە و مەعنەوییەتێکی گەورەیە بۆ گەلەکەمان، قەندیل بۆ ئێمەی کورد شوێنێکی پیرۆزە.
لەبارەی هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی چالاکیی قەڵغانی زیندوویشەوە، وتی: لایەنە سیاسییەکان هێشتا هەڵوێستیی ڕوونیان نییە و لەگەڵمان ڕاست نیین، بێندەگی لەم دۆخەدا بەواتای قبوڵکردنی داگیرکارییە، پێویستە ئەو لایەنانەی تا ئێستا هەڵوێستییان لەدژی داگیرکاریی ڕوون نەکردووەتەوە، بەخۆیاندا بچنەوە.
بانگەوازی ئەو لایەنانەشی کرد، کە بە زووترین کات کۆنگرەی نەتەوەیی پێکبێنن و ڕاشکاوانە هەڵوێستییان لەبارەی یەکێتیی نەتەوەییەوە دەربڕن، دەشڵێت: شار و گوند و چیاکانی کوردستان تەنیا بە یەکێتیی نەتەوەیی دەپارێزرێت.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: دیکتاتۆرییەتی سەدام حسێن و ئێران و سوریا هەرگیز هەبوونی کوردیان ئینکار نەکردووە، بەڵام ئەردۆغان نکۆڵی لە هەبوونی کورد دەکات، لە هەر شوێنێکیش کورد دەستکەوتێکی دەستکەوتبێت هێرشی کردووەتە سەری، لە ئێستادا ئێمەی گەنج لێرەین، تەنیا شوێنێکیش کە دەتوانین بچین، گۆڕستانی شەهیدانە کە بە خوێنی شەهیدان ئاو دراوە، ئێمە بۆ ئازادیی وڵاتەکەمان لەدڵەوە گیانمان فیدا دەکەین.
ب.ل