گەرمیان، ئاسایش ڕێگای گردبوونەوە دژی داگیرکاریی نادات

ئاسایشی گەرمیان بە بیانووی نالەباری دۆخی نێوان بەشێک لە حزبە سیاسییەکان و خراپی دۆخی ئەمنی، ڕێگا نادات بەرەی نیشتیمانی دژی داگیرکاریی لە گەرمیان دژ بە داگیرکارییەکانی تورکیا گربونەوە ئەنجام بدات .


هەرچەندە بڕیاربوو ئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٥:٠٠، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، دژ بە داگیرکاریی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوری کوردستان و سووتانی دەغڵودانی جووتیاران و تەعریبکردن لە ناوچە دابڕاوەکان، گردبوونەوەی ناڕەزایی بەڕێوەبچێت، بەڵام ئاسایش ڕێگا بەو گردبوونەوەیە نادات.

گۆران ڕەحیم، ئەندامی بەرەکە لە گەرمیان، باس لەوە کات کە سەردانی قائیمقامی کەلاریان کردووەو ئەو ڕەزامەندی دەربڕیوە، بەڵام "بەڕێوەبەری یاریدەدەرێتی ئاسایشی کەلار پێی وتین تێبینیمان لەسەر ناوەڕۆکی بەیاننامەکە هەیە و بەئاشکرا دژایەتی دەوڵەتی تورکیای تێدا بەدی دەکرێت"، گۆران دەشڵێت: ئێمەش وتمان چالاکییەکەی ئێمە بەشێکی دژی داگیرکاری تورکیایە، ئەو دوو بەشەکەی دیکەی، تایبەتە بە سووتانی دەغڵودانی جووتیاران لە ناوچە جێناکۆکەکان و ئەو تەعریبەی لەناوچە دابڕاوەکان دەستیپێکردووە.

گۆران ڕەحیم، ئاماژەی بەوەشکرد، دوای دەستکاریکردنی بەیاننامەکە، ئەمڕۆ ڕۆیشتوونەتەوە ئاسایشی کەلار بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، بەڕێوەبەر لەوێ نەبووە، "دواتر پەیوەندییان کرد بە بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان، لەوەڵامدا پێیان وتین، بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان پێی وتووین ڕێگا نادرێت بەو گردبونەوەیە، چونکە دۆخی ئەمنی ناوچەکە و لە نێوان هەندێک لە حیزبە کوردستانییەکان باش نییە، نەک هەندێ خەڵک ئەم گردبونەوەیه وەک هەلێک بقۆزێتەوە".

س.ح