گەرمیان، دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک گردبوونەوە ئەنجامدرا

تەڤگەری ئازادیی لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر خاکی باشوری کوردستان و سوتاندنی دەغڵ و دانی هاوڵاتییان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی لە گەرمیان ئەنجامدا.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە پارکی قەڵا، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ئەنجومەنی گەرمیانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان و سوتاندنی دەغڵ و دانی جوتیاران گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.

لە گردبوونەوەکەدا هاوڕێ جەبار، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەرمیانی تەڤگەری ئازادیی بەیاننامەی تەڤگەری ئازادیی خوێندەوە، کە تێیدا هاتبوو: ئەو هێرش و داگیرکارییە ناڕەوایانەی دەوڵەتی تورکیای فاشیست بۆسەر خاکی کوردستان ئیدانە و شەرمەزاردەکەین، دەوڵەتی تورک وەک کلتوری هەمیشەیی خۆی لە ئێستادا دەستی داوەتە داگیرکاریی لەسەر هەرێمی برادۆست و خواکورک، ئێمە تەنها بە داگیرکاریی سەر ئەو ناوچە و پەکەکە نایبینین بەڵکو ئامانجیان تەواوی باشوری کوردستانە.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا داوا لە گەلی باشوری کوردستان کرابوو، کە لەدژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێست پیشان بدەن و هاتووە: داوا لەسەرجەم چین و توێژەکان و حزبە سیاسیەکان و لایەنە جیاوازەکانی باشوری کوردستان دەکەین، بەئەرکی ئەخلاقی و نەتەوەیی خۆیان هەستن و دەست لە ناودەست بەرامبەر ئەم داگیرکارییە ناڕەوایە، بە کرداریی هەڵوێستیان هەبێت و تەنها لەچوارچێوەی بەیاننامە و بەڵێندا نەبێت، چونکە ئەم دۆخە مەترسیی لەسەر تاک بە تاکی ئەم نیشتمانە هەیە. 

د.ع