گەرمیان، دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان داوای دامەزراندن دەکەن

خوێندکارانی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان لە گەرمیان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داوای دامەزراندنیان کرد، بۆ ئەو مەبەستەش یاداشتێکی داواکارییان پێشکەش بە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان کرد.


ئەمڕۆ لە بەردەم بینای ئیدارەی گەرمیان، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بەشێک لە خوێندکارانی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان لە سنوورەکە، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان دژ بە دانەمەزراندنیان ئەنجامدا، لە کۆتایی گردبوونەوەدا داواکارییەکانیان کرد بە یاداشتێک و پێشکەشی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان-یان کرد.

بەشێک لەو خوێندکارانە نزیکەی ١٠ ساڵە خوێندنیان تەواوکردووە و دانەمەزراون، یاداشتەکەیان پێکهاتبوو لە پێنج خاڵ، کە لە ناوەڕۆکدا هاتبوو: بۆ دامەزراندن پێویستە حکومەت جیاوازی بکات لە نێوان ساڵ و خاڵدا، واتا ئەوانەی کە ساڵانێک پێشتر تەواویانکردووە دابمەزرێن، هەروەها جیاوازی نەکرێت لە نێوان دەرچووی کۆلێژی ئاداب و پەروەردە، وە ڕێژەیەکی زیاتر لە ڕووی دامەزراندنەوە بۆ گەرمیان دابنرێت.

یاداشتەکەیاندا ئەوەش هاتبوو: دامەزراندن بە تەسکێی حزبی نەبێت و دوربێت لە دەستی حزب و بەرپرسانی حزبی، هەروەها جگە لە کەرتی پەروەردە لە کەرتی دیکەش وەک کەرتی تایبەت دامەزراندنمان بۆ بکرێت.

س.ح