گەرمیان، چلەی ماتەمینیی ئەندامێکی تەڤگەری ئازادیی بەڕێوە چوو

بە بەشداری هەڤاڵانی و ئەندامان و دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادیی و ژمارەیەکی بەرچاو لە توێژە جیاوازەکانی گەرمیان، لە شارەدێی ڕزگاری چلەی خەباتکارێکی تەڤگەری ئازادیی بەڕێوەچوو تیایدا بەڵگە فیلمێک و چەندین وتار پێشکەشکران. 


ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی شەهید حەمە کەلاری لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بە بەشداری کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە و بەشێک لە خانەوادەی شەهیدان و ئەندامان و دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان چەندین کەسایەتی و نوێنەری حزبە جیاوازەکان، چلەی خەباتکاری کۆچکردووی تەڤگەری ئازادیی، کاروان ڕۆستەم بەڕێوەچوو.

سەرەتا لەلایەن جیهان گەرمیانی، وتاری ئەکادیمیای شەهید گیڤارا گەرمیانی خوێنرایەوە و تیایدا هاتبوو: هەڤاڵ کاروان هەر لە سەرەتای ئاشنابوونی بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، لە ساڵانی ٢٠٠٧ بەدواوە، بۆ خۆ پێشخستنی لە بواری فکریی و ئایدۆلۆژی، بەشداریی لە چەندین خولی پەروەردەیی کردووە لە چیاکانی کوردستان، بە مۆراڵێکی بەرزەوە بێ گوێدانە زەحمەتییەکان و ئاستەنگییەکانی ژیان، درێژەی بە تێکۆشان داوە لە پێناو بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و خاوەن ئیرادەی بەهێز.

ئەوەش هاتبوو تیایدا: وەک هەڤاڵان و ئەکادیمیای شەهید گیڤارا گەرمیانی، بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە ئامانجەکانی هەڤاڵ کاروان بەدیبهێنین، بەڵێن دەدەین لە ئەمڕؤ بەدواوە ئەو تایبەتمەندییانەی هەڤاڵ پیشەنگایەتی کار و خەباتمان بێت.

دواتر لە ڕێگای داتاشۆوە بەڵگە فیلمێک لەسەر ژیان و کار و چالاکییەکانی کاروان ڕۆستەم نیشاندران.

دواتر محەمەد عەبدوڵا، هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان وتاری تەڤگەری ئازادیی پێشکەشکرد و وتی:چەندە خەمبارین ئەوەندەش سەربەرزین کە خاوەنی هەڤاڵی بەو ڕەنگەین، ئەو هیوایەکی گەورەی بە ژیان هەبوو بۆ گەلەکەی، ئەوەش وای لێکردبوو کە خۆنەویستانە لەسەرجەم کار و خەبات و ئەو چالاکییانەدا بەشدارببێت، کە دژ بە گەندەڵێ و نادادی و داگیرکاریی سەر گەلەکەمان بەریوەدەچوو.

هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی:پەیامی هەڤاڵ کاروان ئەوەبوو ناکرێت گەرمیانی دووجار شەهید لە ئاستی داگیرکارییەکانی سەر گەلەکەمان و ئەو نادادییەی کە لەم هەرێمەدا بەڕێوەدەچێت بێدەنگببێت، بەداخەوە دوای چەند ڕۆژ لە مەرگی هەڤاڵ کاروان ئەو ئەکادیمیایەی کە ئەو و دەیان گەنجی دیکەی گەرمیان تیایدا پەرەوەدەیان دەبینی و هۆشیاردەکرانەوە بەدەستی هێزێکی ناوخۆ و نۆکەرایەتی داگیرکەران داخرا، وەک چۆن ئەمڕۆ زۆرینەی ڕەنگ و فکر و توێژە جیاوازەکان لەم چلەیەدا کۆبووینەتەوە و خەممان یەکە، دەبێت تێکۆشانیشمان بکەین بەیەک، کاتێک دەتوانین ڕۆحی شەهیدان و گیانبەختکردووانمان ئاسوودەبکەین، هێز و توان و ئیرادەمان بکەین بەیەک و لە یەکێتییەکی نەتەوەییدا خەونە ڕەنگاڵەکانی هەڤال کاروان بەدیبهێنین.

لە کۆتایشدا گەرمیان محەمەد، وتاری خانەوادەی کاروانی گیانبەختکردووی خوێندەوە و تیایدا هاتبوو: ئێمە و هەڤاڵەکانی هیوایەکی گەورەمان لەسەر ئایندەی کاروان هەڵچنیبوو، چاوەڕوانبووین ئەستێرەی بەختی تا درەنگان لە ئاسمانی کوردایەتیدا بگەشێتەوە، تێکۆشان و بەرخۆدانی زیاتر لە ڕێڕەوی خەبات و ڕێبازی سیاسیدا بکات، توانای خۆی لە پێناو ئازادیی کوردستانی گەورە و بەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکانی گەلی کورد وەگەڕبخات، بەداخەوە مەرگ ڕێگەی نەدا کاروانی خەباتی بگەیەنێتە دوا مەنزڵگە، ئێمە وەکوو بنەمالەکەی بەڵین دەدەین تەواوکەری ڕێبازی ڕاستەقینەیبین و خوێندکاری بەوەفای هەر ڕێبازێکی سیاسیبین کە دژ بە دەوڵەتانی فاشیزم و داگیرکەران خەبات بکات لە هەر چوارپارچەی کوردستان.

کاروان ڕۆستەم، وەکو چالاکوان و وڵاتپارێزێک لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە، پەیوەندی کردووە بە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزەوە و هەروەها لە زۆربەی ناڕەزایەتی و چالاکییە مەدەنیی و نەتەوەیی و مرۆیی و ژینگەییەکان و هەڵوێست دەربڕین بۆ بەشەکانی تری کوردستان بەشداریکردووە، لە ساڵی ٢٠١٤دا دوای دامەزراندنی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بۆتە ئەندام لەو تەڤگەرە و کار و خەباتی تێدا کردووەهەروەها ئەندام بووە لە ئەکادیمیای پەروەردەیی شەهید گیڤارا گەرمیانی.

کاروان لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا و لە ٨-١-٢٠١٩، لەسەر ڕێگای شارۆچکەکانی کەلار- کفری، نزیک شارەدێی ڕزگاریی، لە ڕێگای ڕۆشتن بۆ کرێکاری ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لێیدا و گیانی لەدەستدا.

د.ع