گەریلاکانی هەپەگە: بۆ ئازادیی ئۆجالان تێکۆشانمان فراوان دەکەین

گەریلاکانی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، دەڵێن هێرشەکانی سەر ڕێبەر ئاپۆ قبوڵ ناکەین و بۆ ئازادکردنی تێکۆشانمان بەرفراوان دەکەینەوە.


لە ئەیلولی ٢٠١٦وە هیچ زانیارییەک لەبارەی عەبدوڵا ئۆجالان- ڕێبەری پەکەکەوە بە دەست نەگەیشتووە، دوو گەریلای هەپەگە لەبارەی گۆشەگیرکردنی ئۆجالانەوە قسەیان بۆ ڕۆژنیوز کرد.

دڵسۆز شاخۆ دەڵێت: ئۆجالان لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی بەدیلگیراوە و ماوەی دوو ساڵە هیچ زانیارییەک لەبارەی ئۆجالانەوە بەدەست ناگات، ڕێبەر ئاپۆ لە دژی سیستمی مۆدێرنەی کاپیتالیستی دا وەستایەوە و ئەڵتەرناتیڤی لە بەرامبەردا ئاڕاستەکرد، بۆیە ئەو پیلانگێڕییەی لە دژ ئەنجامدرا.

دەشڵێت: ڕێبەر ئاپۆ ماوەی ١٩ ساڵە لە بەرامبەر فشارەکان بەرخۆدان دەکات و هەموو پیلانەکانی دەوڵەتی تورکی مایەپوچ کردوەتەوە، ئێمە وەک گەریلاکانی هەپەگە هێرشەکانی سەر ڕێبەر ئاپۆ قبوڵ ناکەین و بۆ ئازادکردنی تێکۆشانمان بەرفراوان دەکەینەوە.

هەروەها کەمال سیپەرتی دەڵێت: گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ قبوڵ ناکەین، بۆ ئازادکردنی ڕێبەرەکەمان دەژین، دەوڵەتی تورک هەوڵدەدا بە گۆشەگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ ڕێگریی بکات لە بڵاوبوونەوەی هزر و فەلسەفەکەی.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ گۆشەگیرییەکە بۆ سەر هەموومان، ئێمە پێکهێنانی سیستمێکی دیموکرات و ئازادکردنی ڕێبەر ئاپۆمان وەک ئامانج بۆ خۆمان داناوە و بۆ بەدەستهێنانیشیان ئامادەین بۆ هەموو باجدانێک.

 

ک.ک