چوؤرشەممە, 15 أغس 2018 – 13:23 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ ١٥ی ئابە، بەو بۆنەوەیەوە گەریلاکانی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، گردبوونەوە و مەراسیمێکی پیرۆزباییان ئەنجامدا، لە مەراسیمەکەدا موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل قسەی بۆ گەریلاکان کرد.
لە مەراسیمەکە ئاڵای پەکەکە، پۆستەر و وێنەی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە و فەرماندە مەعسوم کۆرکماز بەرزکرانەوە، هەروەها وێنەی گەریلا شەهیدەکان هەڵواسران و ئاڵای هەپەگە، یەژاستار و کەجەکە هەڵکران.
موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل باسی لەوە کرد، کە ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی مەترسیداردا تێپەڕدەبێت، لە کوردستان شەڕی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک و کۆنەپەرستی قاعیدە دەکرێت و لەلایەکی دیکەشەوە تێکۆشانی دیموکراسی خوازی گەلی کورد بەڕێوەدەچێت، قەرەیلان وتیشی”ئێمە شەڕێکی وەها قورس دەکەین، کە هەموو جیهان بیبینێت”.
قەرەیلان وتی: ئەو شەڕە شەڕی تەنیا حزبێک نییە، بەڵکو شەری نەتەوەی کوردە، ڕاستە دوژمن بەنیازی لەناوبردنی پەکەکەیە، بەڵام لەگەڵ ئەودا لە هەوڵی لەناوبردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا و داگیرکردنی باشوری کوردستانیشە.
باسی لەوەش کرد، کە لەو قۆناغە مێژووییەدا گەلی کورد زیاتر لە هەموو شتێک پێویستی بە یەکێتیی نەتەوەییە، لەو نێوانەدا ئەوەی بکەوێتە سەر شانی گەریلا ئەنجامی دەدا، لەگەڵ ئەودا هەمو گەنجان و وڵاتپارێزانی کورد دەبێت هەستن بە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییەکانیان و تێکۆشان و بەرخۆدان بەرفراوان بکەنەوە.
وتیشی: لە ئێساتادا لە دەریای ڕەشەوە تا چیاکانی زاگرۆس گەریلای لێیە، لە عەفرین گەلەکەمان بەرخۆدان دەکات، لەم دواییانەدا گەلەکەمان لە باکوری کوردستان لە هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیداندا هەڵوێستی خۆی پیشاندا، گەریلاکانی کوردستان بە ڕۆحییەتی ١٥ی ئابەوە، بە شێوە، تاکتیک، عەقڵ و پێوەرەکانی گەریلای مۆدێرن لە سەدەی ٢١دا کوردستانی ئازاد دەهێننە دی.
لەکۆتاییدا موراد قەرەیلان دروشمی “بژی ڕۆحی ١٥ی ئاب، بژی پەکەکە، بژی سەرۆک ئاپۆ”ی وتەوە، گەریلاکانیش بازنەیەکی گەورەیان دروستکرد و هەمو پێکەوە چەکەکانیان بەرزکردەوە و بە ورەی بەرزەوە وتیان: “بژی سەرۆک ئاپۆ، بێ سەرۆک ژیان نابێت و بژی پەکەکە”.
س.ح