ئەگەرچیی کەم ڕۆژ هەیە نەکەونە شەڕەوە و هیچ کاتێک نییە بەبێ دەنگی فڕۆکە و بۆردوومان تێینەپەڕێنن، بەڵام ئەوان ئەشکەوتەکانیان کردووەتە لانکەی بەرخۆدان و ورەی پۆڵایینیان وایکردووە، سوپای تورک ترسی لە سێبەری خۆیشی هەبێت.
گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار لە تونێلەکانی شەڕەوە لە ئەشکەوتی برینداران و وەرخەلێ، کە دوو هێڵی سەرەکیی شەڕن دژ بە سوپای تورک، پەیام بڵاودەکەنەوە و باسی بەرخۆدانی خۆیان دەکەن.
سەرخۆبوون هەورامان، گەریلایەکی هەپەگەیە و لە تونێلەکانی شەڕ لە ناوچەی ئەشکەوتی برینداران بەرخۆدان دەکات، ئەو باسی ڕۆژەکەی خۆی دەکات و دەڵێت: لە کاتژمێر ٠٤:٠٠ بۆ ٠٧:٠٠ پاسەوان بووین، ئێستا ئاڵۆگۆڕی پاسەوانیی دەکەین لەگەڵ هەڤاڵانمان، ئەمڕۆ لەبەر ئەوەی هەور هەیە، پێشبینی دەکەین ئێوارە جموجوڵ هەبێت، ڕەنگە سوپای تورکیا بییەوێت ئەمشەو هێز لە ناوچەکە دابنێت، بۆیە ئەمشەو تۆکمەتر خۆمان ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی بتوانین وەڵامی بەهێزیان بدەینەوە و گورز لە هێلیکۆپتەرەکان بدەین.
گەریلایەکی ژن بەناوی چیچەک لە تەنیشت سەرخۆبوون و هەورامانەوەیە و بەیەکەوە پاسەوانییان گرتووە، سەرخۆبووون دەڵێت: هەتا ئێستا من و هەڤاڵ چیچەک پاسەوان بووین، ئێمە گروپێکین، هەندێ جار هەڤاڵ چیەچک سەرمای دەبێت، بەڵام قەناس بەدەستێکی زۆر باشە، منیش هاوکاریم و بی کەی سی-م پێیە.
ئەو گەریلایە دەشڵێت: ئێمە بە گاڵتەکردن خۆشیی بەیەکتر دەبەخشین، هەندێکجار هەڤاڵان پێم دەڵێن کەیفییەتچی، بەڵام بەتەواویی وانییە، گروپەکەمان بەڕاسیی زۆر جوانە، بەم گروپەوە دەتوانین گورزی قورس لە دوژمن بدەین.
دەلال ئامەد گەریلایەکی دیکەیە و لە تونێلەکانی شەڕەوە باسی بەرخۆدانی گەریلاکان دەکات، ئەو دەڵێت: زۆر خۆشحاڵم کە لەم دۆخەی شەڕدا لە ناوچەیەکی گرنگم، بەهەموو شێوەیەک ئامادەکاریی خۆمان دەکەین، چونک دەزانین لە هەرکاتێکدا بێت دوژمن هێرش دەکاتە سەرمان.
دەشڵێت: جموجوڵەکانی ئێمە لەسەر بنەمای شکاندنی دوژمن دەبێت، چەند شەوێکە دوژمن دەستی بە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی کردووە، بەبێ وەستان هێرش دەکات، دەیەوێت خۆی بە بەهێز نیشان بدات، بەڵام بەچاوی خۆی بینی کە بە تەکنیک ناگاتە ئەنجام، ئەو هەموو هێرشە نیشانی دەدات کە دوژمن چەندێک ترساوە.
ب.ل