گەریلا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان چالاکیی ئەنجامدا

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە ڕایگەیاند، کە هێزەکانیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو لە دژی بنکەیەکی سەربازیی سوپای تورک لە باکوری کوردستان چالاکییان ئەنجامداوە.


ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، ڕاگەیەندراوێکی لەسەر چالاکی گەریلاکان و هێرشی سوپای تورک بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ڕۆژی ١ی ئەم مانگە کاتژمێر ٨ی بەیانی هێزەکانمان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو ناوچەی سەربازیی ڕووباڕۆک-یان لە ناوچەی شەمزینانی جولەمێرگ کردە ئامانج و ئامانجەکەیان پێکا، بەڵام لەسەر کوژراو و بریندارەکانی دوژمن زانیاری ورد بەدەستمان نەکەوتووە، سوپای تورک دوای چالاکیەکە لە دەوروبەری ناوچەکە دەستی بە ئۆپەراسیۆن کرد". 

هەپەگە باسی لەوەش کردوە: فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک ٢ی ئەم مانگە هەرێمەکانی پاراستنی میدیایان بۆردوومان کرد، بە شێوەیەک لە نیوەڕۆوە تا ئێوارە گوندی فلەحا، گوندی سدا، شەهید شاهین، کارکەر و چەمچۆ و دەوروبەری ئاوی زێ لە هەرێمی زێ-یان بۆردوومان کرد. 

ئەوەش هاتووە: فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک کاتژمێر ٤ی ئێوارەی هەمان ڕۆژ دۆڵی کۆنفرانسی هەرێمی ئاڤاشین، کاتژمێر ٠٦:٤٠ خولەکی ئێوارەش دەوروبەری گوندی گسێ ناوچەی گارێ-یان بۆردوومان کرد.

بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگە، بەهۆی بۆردوومانەکەوە زیان بە باخ و باخچەی هاوڵاتیان کەوتوە، بەڵام هیچ زیانێک بە هێزەکانی گەریلا نەگەیشتووە. 

 


ک.ک