گەشتیاران بۆ گەیشتن بە بەفری پرژێ ڕێگایەكی خراپ دەگرنەبەر

لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا بەفر لە زۆربەی شوێنە سارد و كوێستانییەكانی كوردستان تواوەتەوە و گەرمایەكی زۆرڕووی لە شارەكانی باشوری كوردستان كردووە، بەڵام هێشتا هاوینە هەواری پرژێ لە باڵەكایەتی بەفرێکی زۆری لێماوە، گەشتیارانیش بۆ گەیشتن بەو بەفرە ناچارن ڕێگایەکی پڕ لە تاسە و خراپ ببڕن.


دۆڵی پرژێ، لە سنووری باڵەکایەتی سەر بە پارێزگای هەولێر، بەهۆی هەڵکەوتەی سەختی جوگرافیاکەیەوە هەمیشەو لە هەر چوار وەرزی ساڵ بەفرێكی زۆری لێ دەمێنێتەوە و زۆربەی کات جمەی دێت لە گەشتیاران كە بۆ بینینی بەفر و خواردنی بەفری سروشتی لە هاویندا و بەسەر بردنی کاتێکی خۆش ڕووی تێ دەكەن، بەڵام خراپیی ڕێگا و بانەكانی زەحمەتیەكی زۆر بۆ گەشتیاراندروست دەکات و ئەوانی هەراسان کردووە و داواكارن خزمەتگوزاریڕێگاوبان و پرۆژەی گەشتیاریتێدا بکرێتەوە.

سازان عەبدوڵا، یەکێک لەو گەشتیارانەیە کە ڕووی لە دۆڵی پرژێ کردووە و هێما بۆ ئەوەدەکات کە "جێگایەكی سەرنجڕاكێش و خۆشە، چونكە بەفرێكی زۆری لێیە، یەکجار فێنکە".

وەک سازان باسی دەکات،"خەڵكی زۆر بە زەحمەت دەگەنە ئەم شوێنە و ڕێگاكاكەی زۆرخراپە، بۆیە داواكارین لە حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار ڕێگاكە چاكبکرێت".

حەزی بینینی بەفر، ڕێگایەکی دووری بە محەمەد ڕەسول بڕیوە بۆ گەیشتن بە پرژێ، بەڵام نیگەرانە نەبوونی خزمەتگوزاریی لەو هاوینەهەوارە و وتی: ئەگەر بێتو حكومەت پرۆژەی خزمەتگوزاری لێبكات و ڕێگاكە چاكبكات ئەوا لە زۆربەی شوێنەكانەوە گەشتیارڕووی تێ دەكەن و سودێكی زۆری هەم ئابووریی بۆ حكومەت و هەمیش بۆ خەڵكی ناوچەكە دەبێت، بۆیە داواكارین حكومەت خزمەتی ئەو ناوچە گرنگە بكات.

هێلین زرار، یەكێكی دیکەیە لە گەشتیارەكان و بە هەمان شێوە داوا ڤدەکات، کە خزمەتگوزاریی پێشکەش بە ناوچەکە بکات و گەشتیارێکی زیاتر لە دەوری پرژێ کۆبکاتەوە.

دۆڵی پرژێ بەیەكێك لەهاوینە هەوار و شوێنە هەرە سەرنجڕاكێش و فێنكەكان دادەنرێت لە هەرێم و كەوتووەتە بناری چیایی حەساری سەكران لەسنوری باڵەكایەتی و ١٢ كیلۆمەتر لە شارۆچكەی چۆمان دوورەو ساڵانە گەشتیارێكی زۆر لە شوێنە جیاجیاكانڕووی تێ دەكەنک بەهۆی ئەوەش کە پرژێ ساڵانە بەفرێكی زۆری لێ دەبارێت هەمیشەو چوار وەرزی ساڵ ئەم دۆڵە بەفرێكی زۆری لێ دەمێنێتەوە و لە ژێر بەفرەكەش ئاوێكی سازگار و ساردی بە ئەندازەی ڕووبارێك لێ دەڕوات، ئەمەش وایكردووە لەڕۆژدا پلەكانی گەرما لەو شوێنە لەنێوان (١٠ بۆ٢٠) پلەدایەو بەشەوانیش تا ئاستی نزیك سفر دێت.

ک.س