"گەمارۆی سەر مەخمور بەشێکە لە پیلانەکانی تورکیا بۆ ناکۆکی ناو کوردان"

مامۆستایەکی بەشی فەلەسەفە لە زانکۆی ڕاپەڕین، بەردەوامیی گەمارۆی سەر کامپ مەخمور بە پیلانی دەوڵەتی تورک و وڵاتانی دیکە دەزانێت دژ بە یەکڕیزی کورد، ئاماژە بە دانیشتوانی کامپەکەش دەکات و دەڵێت، ئەوان نەک بارگرانی بن، بەڵکو هاوکاربوون بۆ هەرێمی کوردستان و دژی چەتەکانی داعش شەڕیان کردووە.


ئارام قادر مامۆستای زانکۆی ڕاپەڕین- بەشی فەلسەفە، دەربارەی ئەو گەمارۆیەی لە مانگی ٧ی ساڵی ڕابردووە خراوەتە سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

ئارام قادر دەڵێت، گەمارۆکە بەشێکی دیکەیە لە زنجیرە هەوڵەکانی ڕژێمە فاشیستەکان و بە تایبەت دەوڵەتی تورکیا بۆ قووڵکردنەوەی برینەکانی گەلی کورد و درێژەپێدان بە شەڕی ناوخۆ و شەڕی ئابوری لە نێوان کوردان، دەشڵێت: بەداخەوە دەسەڵات لە باشوری کوردستان جۆرێک لە حکومڕانی شەلاتی و مافیا و باند بەرێوەی دەبەن و هەمیشە لە بەرامبەر فەرمانی سوڵتانەکان چۆکیان داداوە و هەمیشە ڕازی بوون برینی زیاتر بخەنە جەستەی کورد و یەکێتی نەتەوەیی، لە هەموو جیهان بە گوێرەی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و یاسا سروشتییەکان خەڵک مافی دابینکردنی بژێوی ژیان و قووتی هەیە، بەڵام دەسەڵات لەم هەرێمە ئەوە ڕەوا نابینن کە پەنابەرانی باکوری کوردستان هاتووچۆ بکەن و کار و کاسبی بکەن، بۆ نەخۆشی و چارەسەر و خوێندن لە مەخمورەوە ڕوو لە سنوری پارێزگای هەولێر بکەن.

بە بڕوای ئەم مامۆستایەی زانکۆ:"ئەم دەسەڵاتە دەبێت لەوە تێبگات لەم جۆرە گەمەکردن بە هەست و ئیرادە و خواستی یەکێتی نەتەوەیی و مرۆڤی کورد زۆر درێژە ناکێشێت و ڕۆژێک دێت ئەو دەسەڵاتە لە بەرامبەر خواست و ئیرادەی گەل چۆک دابنێ، بەرامبەر هەموو ئەو زوڵم و ستەمانەی لە دژی نەتەوەی خۆی و هاوزمانانی خۆی کردوویەتی باجی تاوان و ستەمەکانی خۆی بدات".

ئارام قادر باس لەوەش دەکات، کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت چەتەکان لە دەوروبەری مەخمور جێگیربکات، دەشڵێت: ئەوەی کامپی پەنابەرانی مەخمور جیا دەکاتەوە لە کامپەکانی دیکەی کۆچبەری، کە حکومەت زۆر بە شانازی بۆ هەموو میدیا نێودەوڵەتییەکان باسی دەکات چۆن هاوکاریان دەکەن، بەڵام بۆ مەخمور گەمارۆیان دەخەنە سەر، تایبەتمەندی کامپی پەنابەرانی باکوری کوردستان لە مخمور تایبەتمەندێکی سرنج ڕاکێشی هەیە و هەمو کەس بە هەرەوەزی گەل و هەرەوەزی کۆمەڵایەتی کار دەکەن و هەرگیز نەبوونەتە مایەی فشار و بارگرانی بۆ سەر دەسەڵاتی کوردی لە باشوری کوردستان، بەڵکو بە پێچەوانەوە هاوکاری باشی کورد بوونە لە باشوری کوردستان و لە کاتی هاتنی داعش وەک پێشمەرگە خاکی باشوری کوردستانیان پاراستووە.

هەروەها ئاماژەی بە دانیشتوانی کامپەکە کرد و وتی: ئەم پەنابەرانە کۆمەڵێک خەڵک نین کە ڕایان کردبێ لە زێدی خۆیان، بەڵکو کۆمەڵێک خەڵکی بەهەڵوێست و خاوەن بەرخۆدانن، خاوەن پرەنسیپی مرۆڤایەتی و شۆرشگێڕین، بۆیە دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانیان و ئەوانەی ئەڵقە لە گوێی تورکیان لەو هەڵوێستە شۆڕشگێڕانەی ئەوان دەترسن.

س.ح