گەمارۆی سەر مەخمور مانگێکە بەردەوامە

گەمارۆی سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور کە دوای ڕووداوەکەی ڕیستۆرانتی هۆقەباز دەستیپێکردووە مانگێکە بەردەوامە، تائێستاش هەموو داواکارییەکانی ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کامپەکە بۆ لابردنی گەمارۆکە بێ ئەنجام بووە.


لە ڕۆژی ١٧ی مانگی ڕابردوو لە ڕێستۆرانتی هۆقەباز، لە شاری هەولێر ئەندامێکی میت (ڕێکخراوی سیخوڕی)ی دەوڵەتی تورک و دوو کەسی دیکە کوژران، لەدوای ئەو ڕووداوەشەوە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان عێراق-ەوە هاتووچۆکردنی خەڵکی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە شارۆچکەی مەخمور بەرەو هەولێر قەدەغە کرا.

ڕۆژێک دوای ڕووداوەکە ١٨ی مانگی ڕابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک کامپەکەیان بۆردوومان کرد کە لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەدا دوو هاوڵاتی بریندار بوون.

لە لایەکی دیکەشەوە کاربەدەستانی هەولێر هاوڵاتیانی کامپەکەیان کردە ئامانج و لەژێر ناوی لێپرسینەوە لە ڕووداوەکەی هۆقەباز دەیان گەنجی کامپەکە کە لە هەولێر کاریان دەکرد دەستگیرکران و هەندێکیشیان لەو شوێنانەی کاریان دەکرد دەرکران.

بەهۆی ڕێگری ئاسایشی پارتییەوە دوای ڕووداوەکەی هەولێر ڕێگە بەهاوڵاتیانی کەمپەکە نەدرا بچنە هەولێر، تەنانەت ئەو کەسانەی نەخوشی قورسیشیان هەبوو، هەر بەهۆی ڕێگرییەکانەوە دوو دایکی دووگیان منداڵەکانیان لەبارچوو.

گەمارۆکە مانگێکە بەردەوامە و ڕێگای کامپەکە بەرەو هەولێر داخراوە، ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کامپەکە بۆ لابردنی ئەو گەمارۆیە هەوڵدانێکی زۆری کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێکی وەرنەگرتووە، لەو چوارچێوەیەدا پەیوەندی بە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، نەتەوەیەکگرتووەکان، خاچی سور، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی گشتی هەرێمی کوردستانەوە کراوە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەداوەتەوە.

ک.س