گەمارۆی سەر مەخمور ٧ی مانگی تێپەڕاند.. پەرلەمانتاران دەڵێن بەدووداچوونی بۆ دەکەن

زیاتر لە حەوت مانگە دەسەڵاتدارانی هەولێر گەمارۆیان خستووەتە سەر کامپی مەخمور، ئەمەش بووە بەهۆکاری زیاتری هێرشی چەتەکانی داعش و دەوڵەتی تورک، تا ئێستا پەرلەمانیش بە فەرمی هیچ هەڵوێستێکی نەبووە، پەرلەمانتاران داوا دەکەن، گەمارۆکە لاببرێت، دەشڵێن بەدوواداچوونی بۆ دەکەن.


گەمارۆکانی سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی- مەخمور، حەوت مانگی تێپەڕاند، هێشتا بەردەوامە و بەشیک لە پەرلەمانتاران هەر ئاگایان لە دۆخەکە نییە، بۆ گەیاندنی دەنگی کامپەکە، ڕۆژنیوز پەرلەمانتارانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەدوێنێت.

گوڵستان سەعید لە فراكسیۆنی گۆڕان، باس لەوە دەکات، کە دانیشتوانی کامپەکە پێویستیی زیاتریان بە پاراستن هەیە، "ناکرێت بەهۆی ئەو گەمارۆیەوە ژیانی ئەو خەڵکە خراپتر ببێت، ئەوانیش مرۆڤن و کوردیشن، بۆیە پێویستە ئەو گەمارۆیە لاببرێت".

دەربارەی ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر کامپەکە، گوڵستان سەعید وتی: گەمارۆکە ڕێگاخۆشکەرە بۆ هێرشی دوژمنان، بۆیە پێویستە هاوکاریی بکرێن و هەموو مافێکیان بپارێزرێت.

هەروەها پەرلەمانتارێکی یەکێتی دەڵێت لە نزیکەوە ئاگاداریی گەمارۆکە نییە، بەڵام لە داهاتوودا کاری لەسەر دەکەن، كاروان گەزنەیی وتی: ئێمە وەك پەرلەمنتار بەدواداچوون دەكەین و نوسراوێك ئاراسەی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان دەكەین، بۆ ئەوەی ڕوونكردنەوەی پێویستمان بداتێ لەسەرە ئەو بابەتە.

گەزنەیی ئاگاداریی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کامپەکە'ش نەبوو، بەڵام وتی: بەدواداچوون دەكەین، چونكە مەترسیەكانی داعش بۆ سەر تەواوی ناوچە سنووریەكانی هەرێمی كوردستان هەیە، پێویستە هەموو ناوچەكان پارێزراوبن بۆ ئەوەی داعش نەتوانێت هێرشبكاتە سەرە هیچ شونێك.

س.ح