لەدوای هێرشەکانی ڕۆژانی ١٦ و ١٧ی مانگی ڕابردووی سوپای داگیرکەری تورک بۆسەر شەنگال، ٣١ گەنجی ئێزدی بەشداری ئاسایشی ئێزدخان بوون و ئێستا لە خولی ئەکادیمیای شەهید سەلامدا پەروەردە دەبینن.
هەرچەند بانگەشەکانی هەڵبژاردن لە شەنگال بە گەرم و گوڕی بەردەوامە، بەڵام ئەوە نەبووەتە هۆی پەراوێزخستنی کار و خەباتی ڕێکخستنیی و بەرگریی، کۆمەڵگای ئێزدی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو هەڕەشە و هێرشەکان لەسەری، واز لە پاراستنی جەوهەریی ناهێنێت و بەردەوام بەهێزی دەکات، بەتایبەت مانگەکانی ڕابردوو پاش ئەو هێرشە سەربازیی و سیاسییانەی کە بۆ لەناوبردنی پاراستنی جەوهەری کرانە سەر شەنگال، جارێکی دیکە گرنگی بابەتی پاراستنیان بۆ خەڵکی ئێزدی ئاشکراکرد.
ڕۆژانی ١٦ و ١٧ی مانگی ڕابردوو سەعید حەسەن فەرماندەی یەبەشە و نۆ گەنجی ئێزدی لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا شەهید کران، ئامانجی ئەو هێرشانە شکاندنی ویستی کۆمەڵگای ئێزدی و لەناوبردنی هێزەکانی پاراستنی جەوهەریی بوو، بەڵام کۆمەڵگای ئێزدی لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا، کۆڵی نەداوە و ڕۆژانە کچان و کوڕانی ئێزدی بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکان بەشداری ئاکادیمییەکانی پەروەردەی ئاسایشی ئێزدخان، هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە دەبن.
ئەکادیمیای شەهید سەلام، یەکێک لە ئاکادیمییە چالاکەکانی شەنگالە و ئێستا ٣١ گەنجی ئێزدی تێدا لەسەر مێژووی ئێزدخان، پاراستنی کۆمەڵگا و زۆرێک لە بابەتەکانی دیکە پەروەردە دەکرێن، گەنجانی ئێزدی بەبۆنەی ئەوی کە بڕیارە ببنە بەرگریکاری کۆمەڵگاکەیان، دڵخۆشی خۆیان دەردەبڕن و لەسەر ئەو بڕوایەدان کە ئەگەر خۆیان بەڕیکخستن نەکەن، هیچ کەسێکی دیکە لەدژی هەڕەشەکانی سەر کۆمەڵگاکەیان ناوەستێتەوە.
‘تەنیا خۆمان دەتوانین پارێزگاریی لە خۆمان بکەین’
ناسر شەمۆ لە تلعزێرە و بەشداری پەروەردەی ئاسایشی ئێزدخان بووە و دەڵێت: هیچ هێزێک ئێزدییەکان ناپارێزیت و ناچارن خۆیان ئەرکی پاراستنییان ئەنجام بدەن، لەسەر ئەو بڕوایەشدایە کە ئەگەر کەسێکی دیکە ئەرکی پاراستنی ئێزدخان ئەنجامبدات دیسان لە کاتی تەنگانەدا پشتیانتێدەکات و بەجێیان دێڵێت.
ناسر شەمۆ داوا لە هەموو گەنجانی ئێزدی دەکات تا لەناو ڕێزەکانی ئاسایشدا خۆیان بەڕێخستن بکەن و دەڵێت هیچ کەسێک لە دهۆکەوە یان لە پارێزگاکانی عێراقەوە نایەت ئێزدییەکان بپارێزێت و پێویستە خۆیان، خۆیان بپارێزن.
‘کۆمەڵگاکەمان پشتی بە ئێمە بەستووە’
مەروان محۆ یەکێکی دیکە لەو گەنجانەیە کە بەشداری خولی پەروەردەی ئاسایشی ئێزدییەکان بووە و هاوکات هونەرمەندە و لە پشووەکانی نێوان وانەکاندا بە دەنگ و سازەکەی، گەرم و گوڕییەک بە خولەکە دەبەخشێت، محۆ ئاماژە بەوە دەکات کە خۆڕێکخستن و پەروەردە گرنگترین ئامرازی پێشگرتن لە فەرمانێکی نوێیە و دەڵێت: شانازیی بەوە دەکەن کە بە پێنووس یان بە چەک خزمەت بە گەلەکەیان بکەن، دەشڵێت؛ بۆیان شانازییەکی گەورەیە کە کۆمەڵگا پشت بە وان دەبەستن و دوا لە گەنجانی ئێزدی دەکات تا خۆیان پاراستنی شەنگال بکەن نەک پشت بە لایەنێکی دیکە ببەستن.
ئامانجی پەروەردە وەڵامدانەوەی هێرشەکانە
حەواس شەنگالی بەرپرسێکی ئاسایشی ئێزدخان، ئاماژە بەوە دەکات کە ئامانجی دەستپێکردنی ئەو خولە؛ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ڕۆژانی ١٦ و ١٧ی مانگی ڕابردووە و دەڵێت: دوای ئەو هێرشانە ٣١ گەنج خوازیاری پەروەردەی سەربازیی بوون و لەسەر داوای ئەو گەنجانە ئاکادیمیای شەهید سەلامی ئاسایشی ئێزدخان خولێکی پەروەردەیان بۆ کردەوە، پاش هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر شەنگال، ڕێژەی بەشداریکردنی گەنجانی ئێزدی کە ناو ڕیزەکانی ئاسایشدا زیادی کردووە.
‘دووژمنان دەیانەوێت ڕێکخستنەکانمان لەناو ببەن بەڵام ڕێگەیان پێنادەین’
حەواس شەنگالی بە ئاماژەدان بەوەی کە لە ڕابردوودا ڕێکخستنێک نەبووە تا خەڵکی ئێزدی کۆبکاتەوە و بیانپارێزێت، دەڵێت: بەرگریی هێزەکانی گەریلا لە شەنگال، بیرۆکەی خۆڕێکخستنی بە ئێزدییەکان بەخشی تا هێزی خۆیان دابمەزرێنن، پاش گەشەکردنی یەبەشە، ئاسایشی ئێزدخان و ڕێکخستنەکانی دیکەی شەنگال، دوژمنان دەستیان بە پیلانگێڕی کردووە بەڵام ئەوان ئاگادارن و ئەو پیلانگێڕییانە قبووڵ ناکەن.
‘لە سایەی هێزەکانماندا خەڵک دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان’
شەنگالی ئاشکرای کرد، کە پاش دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە، کۆمەڵگای ئێزدی دەستیان کردووە بە گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان و بەمشێوەیە باسی گرنگی پەروەردە دەکات: خەڵک پاش گەڕانەوەیان بۆ شەنگال دەیانەوێت خۆیان بەڕێخستن بکەن و بۆیە بەشداری ڕیزەکانی ئاسایش دەبن، گەنجەکانمان لە ئاکادیمیا و پەروەردەدا خۆیان دەناسن، پەروەردە بۆ کۆمەڵگای ئێزدی و بەتایبەت گەنجەکانمان زۆر بەبایەخە، ئەگەر خۆمان بەڕێخستن و پەروەردە نەکەین دیسان ڕێگا بۆ فەرمانی نوێ دەکەینەوە.
حەواس شەنگالی لە کۆتایی قسەکانیدا جارێکی دیکە بەڵێنی خۆی بۆ کۆمەڵگای ئێزدی دووپات کردەوە، کە وەک ئاسایشی ئێزدخان کۆمەڵگاکەیان بپارێزن و خولی نوێی پەروەردە بۆ پەروەردەکردنی گەنجان بکەنەوە.
ب.ک