گەنجانی شەنگال دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بانگەوازیی تێکۆشانیان کرد

یەكێتی گەنجانی ئێزدی و یەکێتی ژنانی گەنجی ئێزدی لەسەر هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ هێرشکردنە سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بانگەوازی بەرزکردنەوەی تێکۆشانیان کرد.


ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای بۆرک-ی سەربە شەنگال یەكێتی گەنجانی ئێزدی و یەکێتی ژنانی گەنجی ئێزدی، دژی ئەگەری هێرشی دەوڵەتی تورک بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیەندراوێکیان خوێندەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: سەرەتا وەک گەنجانی ئێزدی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەر ئاپۆ شەرمەزار دەکەین، بێدەنگی دەوڵەتانی جیهان نیشاندەری ئەوەیە کە گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی لەسەر گەلی کورد بەردەوامە، دەبینین کە ئەوانەی بە پێشەنگایەتی ئەردوغان، پشتیوانی داعشیان کرد بۆ هێرش کردنە سەر شەنگال و کۆبانێ ئەمڕۆ دەیانەوێت ڕۆژئاوای کوردستان داگیر بکەن، دەستکەوتەکانی شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان کە لە چوارچێوەی سیستمی نەتەوەی دیموکراتی و بە خوێن و ڕەنجی هەزاران شەهید بەدەست هاتووە، ئەوەی لە عەفرین کرا، ئەمڕۆ دەیانەوێت لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دووبارەی بکەنەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی گەنجانی شەنگال هاتووە: داوا لە ڕای نێونەتەوەیی دەکەین کە جارێکی دیکە ڕێگە نەدەن برینی دایکی شەهیدان بکولێتەوە، بانگیش لە هەموو گەلانی ئازادیخواز و بە تایبەتی جڤاکی ئێزدی دەکەین کە لە هەر شوێنێک بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بێنە سەر شەقام و تێکۆشانیان بەرز بکەنەوە.

ک.س