گەنجانی شەنگال دژی داگیرکەری خۆپیشاندانێکیان بەڕێوەبرد

لە شارەدێی خانەسۆری شەنگال، گەنجان بەخۆپیشاندانێک ئیدانەی هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک بۆسەر شەنگال و باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریایان کرد.


یەکێتی گەنجانی ئێزدی و یەکێتی ژنانی گەنجی ئێزدی خۆپیشاندانێکیان لە خانەی کۆن-ی خانەسۆر تا بەردەم ئەنجوومەنی گەلی خانەسور بەڕێوەبردو تێیدا ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان بۆسەر شەنگال و باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد.

لە خۆپیشاندانەکەدا دروشمەکانی"نا بۆ داگیرکەری تورک، بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا"و پانکارتی "کاڵای تورکی بایکۆت بکەن" بەرزکرابوونەوە.

لەسەر ناوی یەکێتی گەنجانی ئێزدی و یەکێتی ژنانی گەنجی ئێزدی، عومەر قاسم ڕاگەیەندراوێکی لەبەردەم ئەنجوومەنی گەلی خانەسۆر خوێندەوە، کەبەمشێوەیەیە:

"بەدرێژایی مێژوو تا ئەمڕۆ، لەهەرشوێنێک زاڵم و دیکتاتۆرێک دەرکەوتبێت، لەبەرامبەریشدا قارەمانێک دەرکەوتووە، لەبەرامبەر فەرمان بەسەر ئێزدییەکان بەرخۆدانی مێژوویی هەیە، هەر زاڵمێک بەرامبەر ئێزدییەکان دەرکەوتبێت لەبەرامبەریدا بەرخۆدانی گەلی ئێزدی، دەروێشێک یان قارەمانێک دەرکەوتووە.

 ئەمڕۆش دڕندەیی دەوڵەتی فاشیستی تورک کە دەستیان لە خوێنی ئێزدییەکان دا هەیە و ٧٤ فەرمانیان بەسەر گەلی ئێزدی هێناوە، جارێکی دیکە هێرشی سەر ڕۆژئاوا دەکەن، ڕۆژئاواو شەنگال یەکە، بۆیە پاش کوشتنی خەلیفەی داعش بەغدادی، تورک شێت و هاربوون، هێرشی هەموو جێگایەک دەکەن، نیگەرانبوونی تورک بۆ کوژرانی بەغدادی جارێکی دیکە دەیسەلمێنێت کە دەوڵەتی تورک هاوپشت و پاڵپشتی داعشە.

ئێمە وەک یەکێتی گەنجانی ئێزدی و یەکێتی ژنانی گەنجی ئێزدی بەڵێن بە گەلی قارەمانی خۆمان دەدەین لەبەرامبەر زاڵمان، وڵاتی خۆمان بپارێزین، نەک سەرێکانی و ڕۆژئاوا، بەڵکو بستێک خاک لەدەستی داگیرکەران ناهێڵین، ئێمە بانگەوازی لە گەنجان و گەلی خۆمان دەکەین لە دژی داگیرکەری دەوڵەتی تورک سەرهەڵدان بکەن".

ب.ش