گەنجانی وڵاتپارێز هەوڵی دروستکردنی بەرەیەکی نەتەوەیی گەنجان دەدەن

بە دەستپێشخەری گەنجانی وڵاتپارێز، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکارییەکان و پاراستنی باشوری کوردستان، هەوڵی پێکهێنانی بەرەیەکی نەتەوەیی گەنجان دەدرێت.


ڕێکخراوی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان، لە پێناو پاراستنی باشوری کوردستان لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و لە دژی ئەو هێرشە بەردەوامانەی لە لایەن دەوڵەتانی دراوسێ-وە ئەنجامدەدریت، هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی نەتەوەیی گەنجان، لەو پێناوەشدا سەردانی بۆ لای ڕێکخراوەکانی تایبەت بە گەنجان وگەنجانی ناو لایەنە سیاسییەکان وەک هەنگاوی یەکەم دەستیپێکردووە.

ئاراس تاهیر، ئەندامی کۆمیتەی دیبلۆماسی ڕێکخراوی گەنجانی وڵاتپارێزی باشوری کوردستان، لە بارەی هەوڵەکانیان وتی: یەکەم سەردانمان بۆلای یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو، پێشوازییان لە پڕۆژەکە کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ ئەرکداربوون لە پڕۆژەکەدا دەربڕیوە.

وتیشی: مەترسییەکی گەورە لە سەر باشوری کوردستان هەیە و ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگای ئەو یەکێتی گەنجانەوە هێز و ئیرادەی خۆمان بۆ گەلەکەمان بەکاربێنین و دژ بە داگیرکاری بوەستینەوە.

لە درێژەی قسەکانیشیدا ئاراس تاهیر، بانگەوازی ئاراستەی سەرجەم پێکهاتەکان بە ڕۆشنبیر و نووسەر و مامۆستایانی زانکۆ کرد کە پشتیوانی لەو بەرەیە بکەن، چونکە ئەوان بەرامبەر بە کۆمەڵگا ئەرکیان لە سەرشانە و هاوکات کەسایەتییە ئایینییەکان دەبێت خەڵک بە ئاگابێننەوە لەو مەترسییانە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە "هەڵوێست نیشاندان دژ بە داگیرکاری ئەرکێکی پیرۆز و ئەخلاقییە، بۆ ئاواکردنی ژیانێکی شەرەفمەندانە و دوور لە دەستی داگیرکەر".

ک.س