لەچورچێوەی کەمپەینی کۆکردنەوەی واژۆ دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک گەنجان لە شارۆ شارۆچکەکانی باشوری کوردستان بەردەوام لە کۆکردنەوەی واژۆ و ئەمڕۆ لەناو بازاڕی شاری سلێمانی درێژەیان بە کەمپەینەکە داو هاوڵاتیانیش بە پەرۆشییەوە واژۆیان بۆ دەرکردنی ئەو سوپا داگیرکەرە کرد و داوای کۆتایی هێنان بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک کرد.
ماوەی زیاتر لە مانگێکە بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوەکانی “کۆمەڵەی ژیانەوەی گەنجان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر” لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک کەمپەینی کۆکردنەوەی ٥٠ هەزار’ واژۆ، لە ژێر ناونیشانی ‘بۆ کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ، فاشیزم و داگیرکاریی بڕوخێنە’، بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ لەناو هاوڵاتیاندا واژۆیان کۆکردەوە.
هاوڵاتیان لە تەمەن و ڕەگەزی جیاواز بە پەرۆشییەوە بەشدارییان لە کەمپەینەکەدا دەکرد و داوایان دەکرد، کە بەزوترین کات داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان کۆتایی پێ بهێنرێت.
ئەم کەمپەینە سەرەتا لە فەیسبووک دەستیپێکرد، بەڵام لە ئێستادا چوونەتە ناوخەڵک و بە شێوازیی دەستی واژۆ کۆدەکەنەوە.
داواکاریی و ئامانجی سەرەکیش لە کۆکردنەوەی ئەم وژاۆیانە، بریتیە لە:
– بە زووترین کات بنکە و بارەگا سەربازییەکانی دەوڵەتی تورک لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بکرێنە دەرەوە.
– لە ساڵی ٢٠٠٣ پەرلەمانی هەریمی کوردستان بڕیاری داوە بۆ دەرکردنی هەموو بنکەوبارەگا سەربازییەکانی سوپای سوپای تورک، بەڵام نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆیە داوادەکەین ئەم بڕیارە بە زووترین کات جێبەجێ بکرێت.
– دروستکردنی هێڵی دژە فڕینی ئاسمانی بۆ ڕێگەگرتن لە بۆردوومانی فرۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا.
پاشان کۆیی گشتی ئەو واژۆیانە کە دەیگەیەننە ٥٠ هەزار واژۆ، ئاڕاستەی ‘نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان’ی دەکەن.
د.ع