گەنجان: بە تێکۆشان ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین

ژنانی گه‌نجی تێکۆشه‌ر و گه‌نجانی وڵاتپارێز لێدوانێکی هاوبەشیان ڕاگەیاند و ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، "بە بەرزکردنەوەی تێکۆشان فاشیزم لەناو دەبەین و ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین".


ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی ژنانی گه‌نجی تێکۆشه‌ر و گه‌نجانی وڵاتپارێز لێدوانێکی هاوبەشیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە، لێدوانەکە دەربارەی بڕیارەکەی ئەمریکا و گۆشەگیریی سەر ئۆجالان و داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی بوو.

ڕێژنە چیا، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر لێدوانەکەی خوێندەوە، کە تێیدا هاتبوو: گۆشه‌گیریی سه‌ر ڕێبه‌ر ئاپۆ هه‌ر ده‌چێت زۆرتر ده‌بێ، ئەوەش گۆشه‌گیرییه‌ لەسه‌ر ئیرادەی گه‌لی کورد و هه‌موو گه‌لانی ئازادیخواز، به‌ تایبه‌ت بۆ له‌ناوبردنی ئیراده‌ی ژنان و گه‌نجانه.

‌ئەوەش هاتووە: لە ئێستادا جارێکی دیکە ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا لەسه‌ر گرتنی سێ پێشه‌نگی گه‌لی کورد که‌ له‌پێناو کۆمه‌ڵگەیەکی دیموکراتدا تێکۆشان ده‌که‌ن خەڵاتی تەرخان کردووە، به‌م بڕیاره‌ ده‌خوازن لەناو گەلی ئێمه‌دا سیخوڕیی و جاشێتی پێشبخه‌ن و ئێمه‌ش بکه‌نه‌ ئامڕازێکی پێکهێنانی پلانگێڕیه‌کانیان.

ئەوەش خرایەڕوو: ئێستاش به‌ داخستنی باره‌گاکانی ته‌ڤگه‌ر و گه‌نجان، ده‌یانه‌وێت پارچه‌بوونێکی گەورە له‌ناو کوردان دروست بکه‌ن، یەکێتی نابێ ڕێگە بدات ببێتە ئامڕازێکی تورکیا‌ی فاشیزم، تۆرکیا‌ به‌ داخستنی باره‌گا هیچ ئەنجامێک ناگرێت، پێویسته‌ یەکێتی له‌م بڕیاره‌ی خۆی ده‌ست هه‌ڵبگرێ و ڕێگای مام جه‌لال به‌رده‌وام بکات.

لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە کرا: ئێمه‌ وه‌کو گه‌نجان و ژنانی گه‌نج به‌ به‌رزکردنی تێکۆشانی خۆمان بڕیاری فاشیزم لەناو ده‌به‌ین و داگیرکاریی ده‌روخێنین و ڕێبه‌ری گه‌لان ڕێبه‌ر ئاپۆ به‌ فیزیکی ئازاد ده‌که‌ین.

 

ک.ک