هەینی, 8 يون 2018 – 21:00 ڕۆژنیوز ـ قەندیل
ئێوارەی ئەمڕۆ هاوڵاتیانی باشوری كوردستان گەیشتە قەندیل، كە زۆربەیان گەنج بوون و بە پێشەنگایەتی گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێكۆشەر بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین دژی هێرشەكانی دەوڵەتی تورك لە سەرلەبەیانییەوە ڕوویان لە قەندیل كردبوو.
دوای ئەوەی گەیشتنە بناری قەندیل، بەشداربووانی چالاكییەكە لە گوندی كۆمتانەوە تا گوندی سڵێ لە بناری قەندیل ڕێپێوانیان ئەنجامدا.
لە ڕێپێوانەكەدا گەنجان دروشمەكانی “شەڕ شەڕ شەڕ بۆ ئازادیی شەڕ، شەڕ شەڕ شەڕ بۆ پاراستنی قەندیل شەڕ، شەڕ شەڕ شەڕ بۆ ئازادیی سەرۆك ئاپۆ شەڕ، ئەی توركیا باش بزانە قەندیل هێڵی سورمانە، ئەردۆغان باش بزانە قەندیل هێڵی سورمانە، بژی بەرخۆدانی قەندیل” یان دەوتەوە.
دوای ئەوە بەشداربووان لەلایەن خەڵكی بناری قەندیلەوە پێشوازیان لێكرا، دوای وەستان بە خولەكێك بۆ گیانی پاكی شەهیدان، بۆتان گەرمیانی، ئەندامی كۆمەڵەی جوان وتەیەكی پێشكەشكرد و وتی: ئێمە وەكو كۆمەڵێن جوان بەخێرهاتنتان دەكەین و ئەم چالاكیەتان هەتا دوایی واتادار دەبینین، كە لە چوارچێوەی هەڵمەتی دووەمی “سەرهەڵدە داگیركەریی لەناوببە” بەڕێوەدەچێت.
وتیشی: ئێمە وەكو گەنجانی كوردستان ئەركی سەرەكیمان تێكۆشانە لەبەرامبەر دوو بابەت، یەكەم تێكۆشان دژی داگیركاریی، دووەم تێكۆشان دژی بەكرێگیراوێتی ناوخۆ.
دواتر میترا زەردەشتی، وەك نوێنەری ژنانی گەنجی تێكۆشەر و گەنجانی وڵاتپارێز قسەی كرد و وتی: هەتاوەكو داگیركاریی هەبێت لەسەر خاكی كوردستان هیچ گەنجێك ناتوانێت بە ئیسراحەت ژیان بكات، بۆیە پێویستە هەموو گەنجان بەشدار بن لە هەڵمەتی سەرهەڵدە داگیركاریی لەناوببە.
ئەوەشی وت: ئەو هێرشانەی دەوڵەی تورك بۆ سەر هەموو باشوری كوردستانە، لە ئێستادا دەوڵەتی تورك دەیەوێت هەموو گەلی كورد قڕ بكات، هەموو كوردستان داگیر بكات، ئێمەش وەكو گەنجان بە هەموو شێوەیەك دژی ئەو داگیركاریانە دەوەستینەوە.
پاشان دەریا عومەر پێشمەرگەی دێرین، وتەیەكی پێَشكەش كرد و ڕایگەیاند: داگیركەران هەرگیز ناتوانن ئەو قەندیلە داگیربكەن، كە هەموو شۆڕشەكان لێرەوە هەڵقوڵاون، ئێمەش ئەمڕۆ هاتوینەتە ئێرە پەیامی خۆمان دەگەیەنینە گەریلاكان كە پشتوپەناتانین.
ئەوەشی وت: گەلی باشور هەرگیز داگیركاریی دەوڵەتی تورك قەبوڵ ناكەن و دەستی داگیركە لەسەر خاكمان دەبڕین.
پاشان بەشداربووان بە دروشمی بژی بەرخۆدانی قەندیل چالاكییەكەیان كۆتایی پێهێنا و بەشێك لە گەنجان لەوێ مانەوە وەكو قەڵغانی زیندوو دژی هێرش و داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك.
ب.ل